دەرگەی خۆبەخشی بۆ مۆندیالی 2022 کرایەوە

21-03-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن مۆندیالی 2022
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ دەرگەی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ بەشداریکردن لە بەرنامەی خۆبەخشەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر کردەوە.
 
داواکارییەکان ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا، لە شانۆی کراوە لە گەڕەکی رۆشنبیری کتارا لە دەوحە وەردەگیرێن.
 
لە رێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک ئەفسانەکانی تۆپی پێ بەشداری تێدا دەکەن و داوا لە خۆبەخشان دەکەن بەشداری لەو بەرنامەیەدا بکەن، کە دەبێتە گەورەترین چالاکی خۆبەخشانە لە مێژووی قەتەردا.
 
لە مۆندیالی قەتەردا 20 هەزار کەس وەک خۆبەخش بەشداری دەکەن، کە لە 45 بواری کارکردندا بەشداری دەکەن، وەک ماڵپەڕە فەرمی و نافەرمییەکان، یاریگەکان، شوێنەکانی مەشقی تیپەکان، فڕۆکەخانە، شوێنی هاندەران، هۆتێل و بارەگای دامودەزگاکانی راگەیاندن.
 
فاتیمە ماجد، تەمەن 31 ساڵان، یەکێکە لەوانەی خۆبەخشانە لە مۆندیالدا کاردەکات، کە پێشتریش وەک خۆبەخش بەشداری لە جامی عەرەبدا کردووە، ئەو دەڵێت "من هەمیشە حەزم لە کاری خۆبەخشی بووە، ئەو بیرۆکەیە هەر لە منداڵییەوە خۆشمویستووە، بۆیە وەک خۆبەخش بەشداری لە مۆندیالی قەتەردا دەکەم".
 
ئەو خانمە، کە لە بواری یاسادا کاردەکات، زیاتر گوتی "کاتێک بیرم لەوە کردەوە کە وەک خۆبەخش کار لە مۆندیالدا بکەم، گوتم ئەوە کارێکی زۆر جوان دەبێت، کە یەکەمجارە مۆندیال لە وڵاتێکی عەرەبیدا بەڕێوەبچێت".
 
ئەوانەی دەیانەوێت وەک خۆبەخش بەشداری لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا بکەن، دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی volunteer.fifa.com خۆیان ناونووس بکەن، بە مەرجی ئەوەی تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە