زیدان: لەوە تێناگەم بۆچی بنزیما یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا ناکات

رووداو دیجیتال

زینەدین زیدان، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەو سەرکەوتنەی یانەکەی لە گەڕی 28ـی لالیگادا بەدەستهێنا، کاتێک 3 - 1 لە سێلتا ڤیگۆی بردەوە. گوتیشی "لەوە تێناگەم بۆچی رێگە نادەن بنزیما یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا بکات".

زیدان لەبارەی یارییەکەوە، گوتی "ئێمە دەزانین چەندین یاری هەیە، بەڵام یاریزانەکان باشن، راستە یاریزانمان هەیە کە بەشداری یارییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان دەکەن و  پشوو وەرناگرن، کە ئەمە باش نییە، بەڵام دەبێت چێژ لەو سەرکەوتنە وەرگرین".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بانگهێشت نەکردنی کەریم بنزیما بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، سەرەڕای ئەوەی ئاستێکی بەرز لەگەڵ ریال مەدرید پێشکەش دەکات؟ زیزۆ گوتی "لەوە تێناگەم بۆچی رێگە نادەن بنزیما یاری بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا بکات، زۆر کەس لەم بڕیارە تێناگات، بەڵام من وەک راهێنەری یانەی ریال مەدرید دڵخۆشم پێی، لەگەڵ تیپەکەی کارێکی باش دەکات".

بنزیما لە یارییەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بە تۆمارکردنی دوو گۆڵ و دروستکردنی ئاسیستێک بۆ ئاسینسیۆ بووە باشترین یاریزانی یارییەکە.

لەبارەی بانگهێشتکردنی سێرخیۆ رامۆس بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش، زیدان قسەی کرد و گوتی "ئەو دەچێتە هەڵبژاردی ئیسپانیا، بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ یاری نەکرد، چونکە لێدانێکی بەرامبەر ئەتلانتا بەرکەوتبوو، با بزانین چۆن دەبێت، ئەگەر بەشداری یارییەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیاش بکات بۆی باش دەبێت".

سەبارەت بەو پرسیارەش، کە بەرامبەر تیپە ئاسانەکان بەزەحمەت دەبەنەوە؟ راهێنەری فەرەنسی گوتی "ئێمە بەرامبەر تیپە ئاسانەکان یاری ناکەین، تۆپی پێ تا دێت قورستر دەبێت، بەڵام پارێزگاری لە شێوازی خۆمان دەکەین و بەباشی کۆنترۆڵی یارییەکان دەکەین".

زیدان لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە دەبێت بەردەوام بن لە پێشڕەویکردن و گوتی "بەمدواییە زۆر یاری باشمان کردووە، لە قۆناخی کۆتایی وەرزداین، لە رووی جەستەییەوە باشین، هەرچەندە لە نیوەی دووەمدا بەرامبەر سێلتا ڤیگۆ هەندێک ماندوو دەرکەوتین، بەڵام بە باشی مامەڵەمان لەگەڵ دۆخەکەدا کرد".