کالزۆنا.. ئەو قاوەفرۆشەی ئەمشەو هەڕەشە لە خەونەکانی بارسێلۆنا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەرزە پڕ لە بەرزی و نزمی و نشێوییەکەی ناپۆلی ئیتاڵی درێژەی دەبێت و ئەو یانەیە، لە هەنگاوێکی جێگەی پرسیار و جۆرێک لە شۆکدا، چل و هەشت کاژێر بەر لە رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، واڵتەر مازاری راهێنەری لە مەشقدانی تیپەکەی دوورخستەوە.
 
دوورخستنەوەی مازاری، بڕیارێکی پێشبینیکراوبوو، بەتایبەت کە میدیاکانی ئیتاڵیا سەرنجیان لەسەر ناڕازیبوونی کارگێڕیی یانەکە لە ئەنجامەکانی تیپەکەبوو، بەڵام کات و وادەی دوورخستنەوەکە، جێگەی پرسیاری زۆربوو.
 
مازاری لە نۆڤێمبەری رابردوودا مەشقدانی ناپۆلی لە شوێنی رۆدی گارسیا وەرگرت، لە 17 یاریدا سەرپەرشتی تیپەکەی کرد، شەش بردنەوە و سێ یەکسانبوون و هەشت شکست، ئەنجامەکانی بوون لەگەڵ یانەکەدا.
 
هێندەی وادەی دوورخستنەوەی مازاری جێگەی پرسیاربوو، دوو هێندەش دەستنیشانکردنی جێگرەوەکەی کە راهێنەرێکی نەناسراوە و خاوەنی پرۆفایلێکی گەورە نییە، لە کاتێکدا هاتووە بۆ مەشقدانی پاڵەوانی ئیتاڵیا.
 
ناپۆلی دەستنیشانکردنی فرانچیسکۆ کالزۆنای راهێنەری هەڵبژاردەی سلۆڤاکیای بەراهێنەری نوێی یانەکە تاوەکو کۆتایی وەرزی ئەمساڵ راگەیاند، لە کاتێکدا ئەو راهێنەرە لە کاروانی کارکردنی خۆیدا، هێندەی لە سێبەری راهێنەرێکی گەورەدابووە، هێندە خۆی دەرنەکەوتووە.
 
کالزۆنا ئیتاڵییە و تەمەنی 55 ساڵە، لە گەنجیدا قاوەفرۆش بووە، یاریزانێکی ناسراو و درەوشاوە نەبووە، ناپۆلی دەبێتە یەکەم یانە کە ئەو راهێنەرە مەشقی دەدات، بەڵام هاوکات لە مەشقدانی هەڵبژاردەی سلۆڤاکیاش بەردەوام دەبێت.
 
کالزۆنا بەسێبەرە هەمیشە ئامادەکەی ماوریسیۆ ساری، راهێنەری بەناوبانگی ئیتاڵی ناسراوە کە ئێستا سەرپەرشتی لازیۆ دەکات و ئەو دووانەیە هەژدە ساڵ پێکەوە کاریان کردووە.
 
میدیای ئیتاڵیا، لەبارەی کالزۆناوە گوتوویانە ئەو لەلای هاندەرانی تۆپی پێ لە وڵاتەکەدا ناسراو نییە، یاریزانێکی سەرنجڕاکێشیش نەبووە، زۆرینەی کاتی یارییکردنی لە یانەی ئاریستۆی پلە دوو بەسەربردووە.
 
لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، یاریکردن نەیتوانیوە ژیانێکی باش بۆ کالزۆنا دابین بکات، بۆیە بەدوای سەرچاوەی دیکەی داهاتدا گەڕاوە و لە قاوەخانەی هاوڕێیەکیدا دەستیبەکارکردن کردووە.
 
رۆژنامەی 'لاگازێتا دێلۆ سپۆرت' دەڵێ، کالزۆنا بە قاوەفرۆشەکە بەناوبانگە، خەڵک ئەو دەناسنەوە کاتێک لە گەنجیدا بەئۆتۆمبێلەکەی قاوەی دەگەیاندە ئەو دووکان و بازاڕ و ماڵ و شوێنانەی داوای قاوەیان دەکرد.
 
قاوەفرۆشی کۆتایی خەونەکانی کالزۆنا نەبووە، هەربۆیە ئەو بەهۆی هاوڕێیەتی لەگەڵ ژمارەیەک یاریزانی تۆپی پێ، بڕیاریداوە بچێتە نێو خولەکانی مەشقدان و بوونە راهێنەر و یەکەمجاریش لە ساڵی 2000دا یەکەم بڕوانامەی مەشقدانی وەک راهێنەر وەرگرتووە.
 
کالزۆنا کاروانی مەشقدانی خۆی لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا وەک ئارەزوومەندێک دەستپێکردووە، لە وەرزی 1999 - 2000دا لە یانەی تیگۆلیتۆ، بووەتە یاریدەدەری ساری.
 
لەوکاتەوە تاوەکو ئێستا، کالزۆنا و ساری وەک یاریدەدەر و راهێنەر بۆ ماوەی 18 ساڵە لە کارکردن پێکەوە، لەسەرجەم ئەو یانانەدا بەردەوامن و وێستگەی جیابوونەوەی ئەو دووانە ساڵی 2018 بوو.
 
یەکەم هەلی کاری پیشەگەرانە بۆ ئەو دووانەیە لە خولی پلە دووی ئیتاڵیا بوو لەگەڵ یانەی پیسکارا لە ساڵی 2005 و پاشان پێکەوە لە یانەکانی ئاریتسۆ، ئاڤیلینیۆ، هیلاس ڤیرۆنا، پیرۆجیا، گرۆسیتۆ، ئەلیساندریا و سۆرینتۆ پێکەوە کاریانکرد تاوەکو ساڵی 2012.
 
کالزۆنا لە یانەی ئیمپۆلیش لەگەڵ ساری وەک یاریدەدەر بەردەوامبوو، ئەوکات توانییان یانەکە لە خولی پلە دووەوە بۆ خولی پلە یەکی ئیتاڵیا سەربخەن، دواتر لە ئیمپۆلی درێژەیان بەکارکردندا و ئەو یانەیەیان لە دابەزین بۆ خولی پلە دوو رزگارکرد. تیپەکە بەر لە کارکردن لەگەڵ ئەو دووانەیە، لە پلەی پانزەی ریزبەندی گشتیی خولەکە بوو.
 
هاوینی 2015، ماوریسیۆ ساری مەشقدانی یانەی ناپۆلی وەرگرت لە جێگەی رافایێل بینیتێز، ئەوە یانەی ژمارە 13 بوو کە ساری و کالزۆنا پێکەوە کاری لەگەڵدا بکەن.
 
لە وەرزی یەکەمی کارکردنی ئەو دووانەیەدا لەگەڵ یانەکەی باشووری ئیتاڵیا، تیپەکە بۆ یەکەمجار دوای 26 وەرز، نازناوی پاڵەوانی زستانەی بەدەستهێنا، بەڵام لە کۆتاییدا نازناوەکەی لە بەرژەوەندی یوڤێنتوس لەدەستدا. وەرزی دواتریش ناپۆلی دووەمی خول بوو و بەجیاوازیی تەنیا چوار خاڵ، نازناوەکەی لەدەستدا.
 
لە کۆتایی وەرزی 2017 - 2018دا، کارلۆ ئەنچیلۆتی بووە راهێنەری ناپۆلی و ماوریسیۆ ساری دوای چەند مانگێک لە دوورخستنەوەی لە مەشقدانی ناپۆلی، روویکردە مەشقدانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی. لەو وێستگەیەدا ساری و کالزۆنا لەیەکدی جیابوونەوە و ئەوە یەکەمجاربوو لە دوای وەرزی 1999 - 2000ەوە کالزۆنا، یاریدەدەری ساری نەبێت.
 
فرانچیسکۆ کالزۆنا دوای ئەوە، ماوەیەک پشووی وەرگرت و پاش دوو ساڵ، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ سێری ئا، بەڵام ئەمجارەیان وەک یاریدەدەری ئۆزیبیۆ دی فرانچیسکۆ لە یانەی کالیاری لە وەرزی 2020 - 2021.
 
کالزۆنا زۆر لەگەڵ ئۆزیبیۆدا نەمایەوە و ساڵی 2021 بووە یاریدەدەری لۆچیانۆ سپالێتی، لە مەشقدانی یانەی ناپۆلی، لە پۆستەکەیدا مایەوە تاوەکو لە کۆتاییەکانی وەرزی رابردوودا، سپالێتی لە یانەی ناپۆلی رۆیشت و کالزۆناش بەهەمان شێوە.
 
رۆیشتن لە ناپۆلی، دەرگای هەلی بۆ یەکەمجار بوونە راهێنەری لەبەردەم کالزۆنادا کردەوە. ئەو مەشقدانی هەڵبژاردەی سلۆڤاکیای وەرگرت و لەوکاتەوە لە سەرپەرشتیکردنی ئەو هەڵبژاردەیە بەردەوامە.
 
کالزۆنا، لەگەڵ هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا، لە 17 یارییدا سەرپەرشتی هەڵبژاردەکەی کردووە، حەوت یاریی بردووەتەوە و چوار یاریی یەکسانبووە و سێ یارییش دۆڕاوە.
 
کالزۆنا، توانی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا بۆ یۆرۆی 2024 مسۆگەر بکات کە رکابەرییەکانی هاوینی داهاتوو لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچن.
 
سلۆڤاکیا لە کۆمەڵەی هەشتەمی پاڵاوتنەکانی یۆرۆدا، پلەی دووەمی لە پاش پۆرتوگالی پێشەنگەوە بەدەستهێنا.
 
شارەزابوون لە کەشی ناپۆلی و مامەڵەکردنی پێشتر لەگەڵ کارگێڕیی ئەو یانەیە، پێدەچێ هۆکاری سەرەکی دەستنیشانکردنی کالزۆنا بەراهێنەری نوێی یانەکەی باشووری ئیتاڵیا بێت، کە ئەمڕۆژانە لە هەموو کات زیاتر پێویستی بەباشکردنی ئەنجامەکانی و بەدەستهێنانەوەی کەمێک لە سەقامگیری هەیە.
 
کالزۆنا لە سلۆڤاکیاش رووبەڕووی رابردووی قاوەفرۆشییەکەی کرایەوە، ئەو بەرۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی گوت، تاوەکو ئێستا هەندێک کەس تەلەفۆنم بۆ دەکەن و داوای قاوە دەکەن، لە کاتێکدا من نازانم بەڕاستیانە یان گاڵتەم لەگەڵدا دەکەن.