دییۆنگ تووڕەیە و هێرشدەکاتە سەر رۆژنامەڤانان

 
رووداو دیجیتاڵ

فرێنکی دییۆنگ، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا بە تووڕەییەوە باس لە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکە دەکات و دەڵێت "ئەوەی میدیاکان بڵاویدەکەنەوە جگە لە درۆکردن شتێکی دیکە نییە."
 
دییۆنگ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی ناپۆلی، کە ئەمشەو لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، باس لە داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکە دەکات و دەڵێت "بەم دواییە تووڕە و نیگەرانبووم بەو شتانەی ئێوە لە میدیاکاندا لەسەرم دەنووسن، زۆر راپۆرتی ساختەم خوێندەوە، ناتوانم تێبگەم بۆچی هەندێکتان درۆ دەکەن، تێناگەم بۆچی ئێوە درۆ دەکەن، شەرم ناکەم لەوەی دەیڵێم، ئەمە بێزار و دڵتەنگم دەکات."
 
دییۆنگ لە کۆنگرەکەدا زیاتر لەو بارەیەوە قسەیکرد و بە رۆژنامەڤانانی گوت "زۆر باسی گرێبەست و مووچەکەم دەکرێت، دیسانەوە ئەمانە هەمووی درۆن، خەڵک دەڵێن 40 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرم، بەڵام ئەمە زۆر لەوەی بەدەستی دەهێنم، خەڵکی چیرۆکی ناڕاست و درۆیان دروستکردووە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا ئەستێرە هۆڵەندییەکە دڵخۆشیی خۆی لە یانە کەتەلۆنییەکە دووپاتکردەوە و دەڵێت "من لە بارسێلۆنا دڵخۆشم و هەمیشە گوتوومە ئەمە یانەی خەونەکانمە و هیوادارم چەند ساڵیکی دیکە بەردەوامبم لە یارییکردن بۆ بارسێلۆنا."
 
ئەم قسانەی فرێنکی دییۆنگ لەکاتێکدان، هەفتەی رابردوو میدیای ئیسپانیا بڵاویکردەوە، یاریزانەکە نە ئامادەیە گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، نە مووچەکەشی کەمبکاتەوە، کارگێڕیی بارسێلۆناش بەدوای رێگە چارەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی بە پارەیەکی گونجاو دەستبەرداری یاریزانەکە ببێت.
 
چاڤی هێرناندێز، پێشتر لەبارەی یاریزانە هۆڵەندییەکەوە گوتبووی "فرێنکی دییۆنگ یاریزانێکی گرنگی یانەکەیە، هێشتا گرێبەستی لەگەڵ یانەکە هەیە و دەمانەوێت بیر لە یاریی ناپۆلی بکەینەوە، نەک داهاتووی یاریزانەکە."
 
فرێنکی دییۆنگ، تەمەنی 26 ساڵە، لە ساڵی 2020 لە یانەی ئایاکسی هۆڵەندییەوە بەرامبەر 85 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنا کرد، ئێستا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نرخەکەی دەگاتە 80 ملیۆن یۆرۆ.