فەرمی.. رێبین سولاقا چووە خولی کۆریای باشوور

21-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رێبین سولاقا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رێبین سولاقا، بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەی سیئولی کۆریای باشوورەوە کرد و هاوشانی ئەستێرەیەکی پێشووی پرێمەرلیگ یاریی دەکات.
 
یانەی سیئولی کۆریای باشوور، لە رێگەی ڤیدیۆیەکەوە گواستنەوەی بەرگریکارە عێراقییەکەی راگەیاند و رێبین سولاقا، لەو یانەیەدا هاوشانی جیسێ لینگارد، ئەستێرەی بەنێوبانگی ئینگلیزی و پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد یاریی دەکات، کە ئەویش ماوەیەک لەمەوبەر پەیوەندیی بە ریزەکانی یانەکەوە کردووە.
 
سولاقا لە ڤیدیۆیەکەدا کە یەکەم هەڤپەیڤینیەتی دوای پەیوەندیکردنی بە سیئول دەڵێت "زۆر دڵخۆشم بە پەیوەندیکردن بە ریزەکانی یانەی سیئول، یانەکە ژمارەیەکی زۆری هاندەری هەیە و هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەوە دەکەم."
 
بە پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەکەوە، رێبین سولاقا دەبێتە دووەم یاریزانی عێراقی لە ریزەکانی یانەی سیئول یاریی بکات، دوای عەباس عوبێد کە لە وەرزی 1996-1997 لەو یانەیە یارییکردووە.
 
جگە لەوەش ئەمە چوارەمجارە یاریزانێکی عێراقی لە خولی کۆریای باشوور یاری بکات، دوای عەباس عوبێد، سادق سەعدوون و عەلی عەباس.

سولاقا گرێبەستەکەی واژۆ دەکات
 
رێبین سولاقا، لە دایکبووی عەنکاوەی هەولێرە و ئێستا تەمەنی 31 ساڵە، یاریزانەکە پێشتر لە یانەکانی دالکورد، سیریانسکا، برۆما پۆیکارنای سوێدی، مەرخیە و خوری قەتەری و چەندین یانەی دیکە یارییکردووە.
 
سیئول خۆی بۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی کۆریای باشوور ئامادەدەکات و رۆژی 2ـی مانگی داهاتوو لە یەکەم یارییدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی گوانگژۆ یاریی دەکات.

ناساندنی سولاقا وەکو یاریزانی سیئول


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە