نیوەی پێکهاتەکەی بارسێلۆنا لە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگدا یارییان نەکردووە


رووداو دیجیتاڵ

یارییەکەی ئەمشەوی نێوان هەردوو یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی و ناپۆلی ئیتاڵی کە لەسەر یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا لە شاری ناپۆلی بەڕێوەدەچێت، زانیارییەکی سەرنجڕاکێشی تێدایە لەبارەی پێکهاتەی یانەی بارسێلۆنای بەشدار لە یارییەکەدا.
 
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، نیوەی یاریزانانی ئێستای پێکهاتەی بارسێلۆنا، ئەزموونی ئەوروپییان نییە لەو ئاستەی کە ئێستا یانەکە پێیگەیشتووە، چونکە ئەو یاریزانانە، بەشدارییان لە یارییەکانی قۆناخی چوونەدەرەوەی دۆڕاو لە پاڵەوانێتییەکەدا نەکردووە.
 
رۆژنامەی 'سپۆرت' ئاشكرایکردووە، تەنیا چوار یاریزانی پێکهاتەکەی ئێستای بارسێلۆنا، پێشتر لەگەڵ یانەکەدا بەشدارییان لە قۆناخی چوونە دەرەوەی دۆڕاو کردووە، ئەو یاریزانانەش بریتین لە مارک ئەندریا تێرشتیگنی گۆڵپارێز کە 16 یاریی کردووە، پاشان سێرجی رۆبێرتۆی ناوەڕاستکار کە 14 یاریی لەم قۆناخانەی چامپیۆنزلیگدا ئەنجامداوە، هەروەها فرێنکی دی یۆنگی هۆڵەندی کە سێ یاریی لەگەڵ بارسێلۆنا و سێ یاریی لەگەڵ ئەیاکس ئەمستردام ئەنجامداوە و پێدریش تەنیا یەک یاریی.
 
بارسێلۆنا لە دوو ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە خۆی بگەیەنێتە قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ.
 
دوور لە یانەی بارسێلۆنا، هەریەکە لە یاریزانانی ئێستای یانەکە، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی 25 یاریی لەم قۆناخەدا ئەنجامداوە و لەگەڵ بایرن میونشن نازناوەکەشی بردووەتەوە. هەمان راستیی لەبارەی ئێلکای گوندۆگانەوە راستە کە وەرزی رابردوو نازناوەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی بردەوە و 22 یاری لە قۆناخی چوونەدەرەوەی دۆڕاو ئەنجامداوە.
 
لە کاتێکدا جواو فیلێکس و مارکۆس ئەلۆنسۆ هەریەکەیان پێنج یارییان لەم قۆناخەدا ئەنجامداوە. ژوول کوندێ و فیران تۆرێسیش هەریەکەیان یەک یارییان ئەنجامداوە.
 
لە بەرامبەردا، 12 یاریزانی بەردەستی ئێستای چاڤی هێرناندێز، نە لەگەڵ بارسێلۆنا و نە لەگەڵ یانەکانی پێشوویان، نەگەیشتوونەتە ئەم قۆناخەی چامپیۆنزلیگ. 
 
ئەو یاریزانانەی لەو لیستەدان بریتین لە ئینیاکی پینیا، رۆناڵد ئاراوخۆ، هیکتۆر فۆرت، پاو کۆبارسی، ئینیگۆ مارتینێز، ئەلیخاندرۆ باڵدی، ئۆریۆل رۆمیۆ، پابلۆ گاڤی، فیرمین، رافینیا، ڤیکتۆر رۆکی و لامین یامال.
 
رووداوێکی دیکەی سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە رۆناڵد ئاراوخۆی بەرگریکەری ئێستای بارسێلۆنا، ئەگەرچی تیپەکەی پێشتر لەو قۆناخەدا یارییکردووە، بەڵام ئەو تێیدا دەرنەکەوتووە.
 
بارسێلۆنا لە وەرزی 2020 - 2021 لەگەڵ رۆناڵد کومان بەرامبەر پاریس سانجێرمان لە قۆناخی شانزە یارییکرد، بەڵام ئاراوخۆ بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی بەشداریی لە هەردوو یاریی چوون و هاتندا بکات و لەو دوو یارییەشدا، بارسا نەیتوانی سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر بکات.