ڤیدیۆ؛ ئینتەر بردییەوە و دۆرتموند بەیەکسانبوون گەڕایەوە

21-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئینتەرمیلان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو یاریی دیکە لە رکابەرییەکانی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ ئەنجامدران، یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی بردنەوەیەکی زەحمەتی تۆمارکرد و دۆرتموندیش بەیەکسانبوون لە هۆڵەندا گەڕایەوە.
 
یانەی ئینتەرمیلان لە یاریی چوونی قۆناخەکەدا، لە یاریگەی خۆی لە میلانۆ میوانداریی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانیی کرد، ئەمە دووەم یاریی فەرمی نێوان هەردوو یانە بوو لە مێژوودا، دوای ئەوەی لە ساڵی 2010 ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریی جامی سوپەری ئەوروپادا لە یانە ئیتاڵییەکە بردبووەوە.
 
لە یارییەکەدا خاوەن یاریگە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، بەرگرییەکی پتەوی کرد و هێرشی زۆری بردە سەر گۆڵی رکابەرەکەی، بەڵام نیوەی یەکەم بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ تەواو بوو.
 
مارکۆ ئارناوتۆڤیچ لە نیوەی دووەمدا لە شوێنی مارکۆس تورام چووە نێو یاریگە، لە خولەکی 79 لاوتارۆ مارتینێز لێدانێکی ئاراستەی گۆڵکرد، بەڵام یان ئۆبلاک تۆپەکەی گەڕاندەوە، مارکۆ ئارناوتۆڤیچ بەباشترین شێوە هێرشەکەی تەواوکرد و گۆڵێکی بۆ نیرازۆری تۆمارکرد و یانە ئیتاڵییەکەی پێشخست.
 
یارییەکە تاوەکو کۆتایی بەو گۆڵە مایەوە، ئینتەرمیلان یاریی چوونی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و یاریی گەڕانەوەی نێوان هەردوو یانە رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو لە مەدرید بەڕێوەدەچێت.

دوای یارییەکە چەند ریکۆرد و ئامارێک تۆمارکران.
 
* ئینتەرمیلان 9 یارییە لەسەریەک لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا لەژێر سەرپەرشتی سیمۆنی ئینزاگی دەباتەوە، ئەمە یەکەمجارە لەگەڵ ئەو راهێنەرە ئەم کارە دەکات، پێشتر لە نێوان مانگی شوبات بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2021 لەگەڵ ئەنتۆنیۆ کۆنتی ئەو ریکۆردەی تۆمارکردبوو.
 
* لە ساڵی 2006ـەوە لە دوای یارییەکەیان بەرامبەر سپۆرتینگ لیشبۆنە، یەکەمجارە یانەیەک بەرامبەر ئینتەرمیلان یاریی بکات و هیچ لێدانێکی بۆ گۆڵی یانە ئیتاڵییەکە نەبێت.
 
* ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دوایین 8 یارییدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەلای کەمەوە گۆڵێکی لێکراوە، لە چامپیۆنزلیگدا 12 گۆڵی لێکراوە، ئەمە خراپترین ئاماری پاراستنی گۆڵەکەیەتی لە مێژووی چامپیۆنزلیگدا.
 
* هاکان چالهانئوگلۆ لەم وەرزەدا 764 پاسی لە بەشی یاریگەی تیپی رکابەر داوە بە یاریزانەکانی، هیچ یاریزانێکی دیکەی خولی ئیتاڵیا ئەمەی نەکردووە.

 

 

 
یەکلابوونەوە بۆ سینگاڵ ئیدۆنا پارک دەبێت
 
لە یارییەکی دیکەدا کە لە هۆڵەندا بەڕێوەچوو، یانەی ئایندهۆڤن میوانداریی بۆرووسیا دۆرتموندی کرد.
 
هێرشەکانی هەردوو یانە بۆ سەر گۆڵی یەکدی دەستیانپێکرد، دۆنێل مالین گۆڵێکی جوانی بۆ دۆرتموند تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر یاریزانی ئایندهۆڤن بوو ئاهەنگی نەگێڕا.
 
لە نیوەی یەکەمدا ئایندهۆڤن هەوڵی دەدا ئەنجامەکە راستبکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
 
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا لێدانێکی سزا بۆ خاوەن یاریگە هەژمارکرا، لوک دییۆنگ سەرکەوتووانە جێبەجێیکرد و ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە.
 
دوای ئەم دوو گۆڵە، یاریزانانی هەردوولا، هەلی زۆریان بۆ هەڵکەوت بۆ ئەوەی ئەنجامەکە بگۆڕن، بەڵام لە هەژاندنی تۆڕدا سەرکەوتوو نەبوون، یارییەکە بەیەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەر لایەک کۆتاییهات.
 
رۆژی 13ـی مانگی داهاتوو لە سیگنال ئیدۆنا پارک، هەردوو یانە لە یاریی گەڕانەوەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و ئەو یانەیە یەکلادەکەنەوە کە دەگاتە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە