پاریس سانجێرمان دەیەوێت لە رێگەی مێسییەوە یاریزانێکی بارسێلۆنا بگوازێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی دیاری یانەی بارسێلۆنا واژۆبکات، بۆ ئەوەش سوود لە لیۆنێل مێسی وەردەگرێت.
 
تۆڕی لی 10 سپۆرتی فەرەنسی دەڵێت " ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت ئانسو فاتی، ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا بباتە ریزەکانی، بۆ ئەوەش پرسیاری لەبارەی ئەو یاریزانەوە لە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەکەی کردووە."
 
بەپێی سەرچاوەکە خلێفی دەیەوێت سوود لە دابەزینی ئاستی یاریزانەکە لەژێر سەرپەرشتی چاڤی هێرناندێز وەربگرێت، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لە خولی فەرەنسا یاری بکات.
 
فاتی زۆرینەی یارییەکانی ئەم وەرزەی بارسێلۆنا لەسەر کورسیی یەدەگ بووە، پێکان کاریگەریی زۆری لەسەر ئاستی یاریزانەکە هەبووە، بوونی رافینیا، عوسمان دێمبێلی و فێران تۆرێسیش لە یانەکەدا هەلی یارییکردنی ئەو یاریزانەی زیاتر کەمکردووەتەوە.
 
گرێبەستی ئانسو فاتی، لەگەڵ یانە کەتەلۆنییەکە تاوەکو هاوینی 2027 بەردەوامدەبێت و ئەگەری نوێکردنەوەی بۆ دوو وەرزی دیکەی لەگەڵە، بەڵام پێناچێت یاریزانەکە لەگەڵ بلاوگرانا بەردەوام بێت.
 
لە ماوەی رابردوودا ناوی ئانسو فاتی بەچەند یانەیەکی ئینگلتەراوە بەسترابووەوە، خۆرخی مێندێز، بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە لە مامەڵەی بارسێلۆنا لەگەڵ فاتی رازی نییە و ئەگەری هەیە یاریزانەکە لە بارسێلۆنا بڕوات.