ڤیدیۆ؛ مۆدریچ نایەوێت کەس چاکەی لەگەڵ بکات

21-02-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Lindsey Parnaby / AFP
Photo by Lindsey Parnaby / AFP
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

لوکا مۆدریچ، یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ئەو راستییە دەزانێت کە دوو یاریی زەحمەت چاوەڕێیان دەکەن، لە چامپیۆنزلیگدا لەگەڵ لیڤەرپوول. دەشڵێت "بەهۆی مۆندیالەوە ئاستم دابەزیوە، بەڵام دەگەڕێتەوە". هەروەها دەشڵێت "نامەوێت کەس چاکەم لەگەڵ بکات".
 
لوکا مۆدریچ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر لیڤەرپوول، لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "یارییەکی گرنگ و سەخت بەرامبەر رکابەرێکی سەخت ئەنجام دەدەین، بەتایبەت لە یاریگایەکی مێژوویی و زەحمەتدا، کە بە پاڵپشتی بە جۆش و خرۆشی هاندەرانی بەنێوبانگە".
 
هەروەها گوتیشی "پێویستە ئاستێکی نایاب پێشکەش بکەین ئەگەر بمانەوێت سەرکەوتن بەدەست بهێنین یان ئەنجامێکی ئەرێنی بەدەستبهێنین، پێویستە پێش یاریی گەڕانەوە، ئاستێکی باش پێشکەش بکەین، کە پێشتر لەسەر ئەو یاریگەیە باش یاریمان کردووە و هیوادارین ئەمجارەش دووبارەی بکەینەوە". 
 
مۆدریچ باسی ئاستی خۆی کرد، کە دابەزیوە و هۆکارەکەی ئاشکراکرد و گوتی "دەستم بە باشتربوون کردووە، دوای مۆندیال هەڵەیەکم کرد، چونکە دوای گەڕانەوەم راستەوخۆ گەڕامەوە بۆ یاریکردن لەگەڵ یانەکە، لەجیاتی ئەوەی بەرنامەیەکی دیاریکراو پەیڕەو بکەم و بۆ ماوەی 10 رۆژ کەمتر راهێنان بکەم، یان زیاتر پێش ئەوەی بگەڕێمەوە نێو یاریگە". 
 
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "بەڵام ئەگەر راهێنەر لێت بپرسێت ئایا دەتوانیت یاری بکەیت، وەڵامەکەت بێگومان بە ئەرێنی دەبێت، بۆیە مۆندیال کاریگەری لەسەر من هەبوو، بەڵام وردە وردە دەگەڕێمەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆم، هەستێکی زۆر باشم هەیە و هیوادارم تاوەکو کۆتایی وەرز ئەمە بەردەوام بێت".
 
ئەستێرەی کرواتی، لە کۆتاییدا زیاتر گوتی "بارودۆخی من لەگەڵ ریال مەدرید باشە، دەمەوێت بەردەوام بم لە یاریکردن بۆ ریال مەدرید، با بزانین چی روودەدات، پێویستە قسە لەگەڵ یانەکە بکەم بۆ ئەوەی بزانم  هەڵوێستی چییە، بەڵام دەمەوێت بیسەلمێنم کە شایستەی مانەوەم، نامەوێت کەس چاکەم لەگەڵ بکات".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە