ڤیدیۆ؛ فرانکفۆرت خۆی لە ناپۆلی پێ کەمتر نییە

21-02-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Daniel ROLAND / AFP
Photo by Daniel ROLAND / AFP
نیشانەکردن ئۆليڤەر گلاسنێر ناپۆلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئۆليڤەر گلاسنێر، راهێنەری یانەی فرانکفۆرتی ئەڵمانی، بە بڕوابەخۆبوونەوە دەڵێت "چانسی فرانکفۆرت و ناپۆلی یەکسانە بۆ گەیشتن بە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ". دەشڵێت "ناپۆلی تیپێکی نایاب و ناوازەیە، بەڵام ئێستا دەمانەوێت سەرکەوین بۆ قۆناخی داهاتوو".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی فرانکفۆرت لەسەر یاریگەی خۆی میوانداری یانەی ناپۆلی ئیتاڵی دەکات.
 
ئۆليڤەر گلاسنێر، راهێنەری یانەی فرانکفۆرت، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا دووپاتیکردەوە کە ئەوان بەرامبەر تیپێکی زۆر بەهێز یاری دەکەن، بەڵام خۆشیان بەدەستەوە نادەن و ئامانجیان سەرکەوتنە.
 
گلاسنێر گوتی "ئێمە دەمانەوێت سەرکەوین و بۆ سەرکەوتن یاری دەکەین. من بە چاوەڕوانی و متمانە و دڵنیایی زۆرەوە دەچمە نێو یاریگە، تیپەکەمان ئامادەکارییەکی باشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ناپۆلی کردووە، کە لەم وەرزەدا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی لە هێڵی هێرشبەری پێشکەش دەکات، کە ئەمە وایکردووە لەم وەرزەدا 20 لە یارییدا سەرکەوتوون بەدەستبهێنێت، لە بەرامبەر دوو یەکسانبوون و یەک دۆڕان".
 
راهێنەری یانە ئەڵمانییەکە، هەروەها گوتی "ناپۆلی بەشێوازێکی ئیتاڵی یاری ناکات، بەڵام ئاستی ناپۆلی تەنیا پەیوەندی بە هێرشبردنەوە نییە، بەڵکو لە هەموو هێڵەکانی یارییکردندا هاوسەنگییەکی سەرسوڕهێنەریان هەیە و کەم گۆڵیان لێدەکرێت".
 
گلاسنێر زیاتر گوتی "ئامانجی یەکەممان سەرکەوتن بوو بۆ قۆناخە یەکلاکەرەوەکان. ناپۆلی تیپێکی نایاب و ناوازەیە، بەڵام ئێستا دەمانەوێت سەرکەوین بۆ قۆناخی داهاتوو. چانسی هەردوو یانە یەکسانە بۆ سەرکەوتن".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە