سەیرترین چیرۆک.. لە پرێمەرلیگەوە بۆ خولی پلە 12 و لە راهێنەرەوە بۆ یاریزان

 
رووداو دیجیتاڵ

رووداوی سەرنجڕاکێش لە تۆپی پێی جیهاندا بەردەوامن، ئەمجارە لە ئینگلتەرا رووداوێک هەمووان سەرسام دەکات و سەرنجی زۆر بۆ خۆی دەبات.
 
خولی تۆپی پێی ئینگلتەرا هەمیشە وەک یەکێک لە بەهێزترین خولەکانی جیهان ناوی دەهێنرێت، چ لە رووی داراییە یانیش لەرووی ئاست و رکابەرییەوە، بەڵام رووداوێکی سەیر لە خولەکەدا دەبێتە باسی گەرمی جیهان.
 
نەیسن جۆنز، تەمەنی 49 ساڵە، راهێنەری یانەی ساوسامپتۆنی ئینگلیزی بوو، کە لە پرێمەرلیگدا یارییدەکات، بەڵام بڕیارێکی تەواو جیاواز دەدات.
 
راهێنەرەکە لە 14 یارییدا راهێنەری یانەکە بوو، بەڵام بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە 12ـی ئەم مانگە لەکارەکەی دوورخرایەوە، تاوەکو ئێرە شتێکی ئاساییە، بەڵام چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکە ئەو کاتە دەستپێدەکات، کە راهێنەرەکە دوای تەنیا هەفتەیەک لە جیابوونەوەی لە یانەی ساوسامپتۆن بڕیاردەدات بچێتە خولی پلە 12ـی وڵاتەکە، بەڵام وەک راهێنەر نا، بەڵکو وەک یاریزان.
 
نەیسن جۆنز لەسەر کورسیی یەدەگەوە دەچێتە نێو یاریگە و یاری بۆ تیپی کرانبۆرن دەکات، کە لە خولی پلە 12ـی وڵاتەکە یارییدەکات و وەک خولێکی میللی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
 
میدیای بەریتانیا بە گرنگییەوە باس لەم سەرکێشییە نوێیەی ئەو راهێنەرە لاوە دەکات، بەتایبەت کە لە یەکەم یارییدا گۆڵێکی دروستکرد و تیپەکەی بە 4-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام جۆنز زۆر چێژی لەو بردنەوەیە وەرنەگرت، دوای ئەوەی تەنیا 10 خولەک یارییکرد و دواتر بەهۆی پێکانەوە نەیتوانی یارییەکە تەواوبکات و گۆڕانکاریی پێکرا.
 
نەیسن جۆنز لە 1990 تاوەکو 2012 یارییکردووە و لە چەندین یانەی جیاوازی ئینگلتەرا بووە، دوای ئەوە روویکردووەتە کاری راهێنەرایەتی و لەگەڵ یانەکانی برایتن، لوتۆن تاون، ستۆک سیتی و ساوسامپتۆن کاریکردووە و ئێستاش جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ یارییکردن.