ڤیدیۆ؛ بێنفیکا پێشەنگی خۆی لە خولی نایابی پۆرتوگال بەهێزتر کرد

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی بێنفیکا، پێشەنگی خۆی لە خولی نایابی پۆرتوگال بەهێزتر کرد، دوای ئەوەی لە یاریگەی خۆیدا سەرکەوتنێکی گرنگی بەسەر یانەی بواڤیستادا بەدەستهێنا، بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک.
 
یانەی خاون ماڵ تاوەکو خولەکی 55ـی یارییەکه چاوەڕوانی کرد، تاوەکو به گۆڵێک پێشبکەوێت، کە لەلایەن یاریزانەکەی جیلبێرتۆیەوه تۆمارکرا.
 
بەڵام یانەی میوان تەنیا پێویستی بە 3 خولەک بوو بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، کە لە خولەکی 58 کێنجی کۆری تۆپێکی بۆ یوسۆڤا نارد و ئەویش بەسەرکەوتوویی خستە نێو تۆڕی بێنفیکاوە.
 
بێنفیکا دوای ئەو گۆڵە دەستی بە گوشار خستنە سەر تیپی میوان کرد و لە ئەنجامدا لە خولەکی 70 لێدانێکی سزای بۆ هەژمارکرا، دوای ئەوەی ناوبژیوان یارمەتی لە ژووری ڤارەوە وەرگرت، بەڵام جواو ماریۆ سەرکەوتوو نەبوو لە تۆمارکردنی.
 
هەوڵەکانی بێنفیکا بەردەوام بوون تاوەکو لە خولەکی 82ـدا گۆنزالۆ رامۆس توانی گۆڵی دووەم بۆ یانەکەی تۆماربکات.
 
پیتەر موسا لە خولەکی دووەمی زیادکراودا گۆڵی سێیەم و دڵنیایی تۆمارکرد، کە بەهۆی ئەو بردنەوەیە، ژمارەی خاڵەکانی بێنفیکا گەیشتە 56 خاڵ لە 21 یارییدا، کە بە 4 خاڵ لە پێش پۆرتۆی دووەم، پێشەنگی ریزبەندیی خولەکەی گرتووە، بواڤیستاش بە 26 خاڵ لە پلەی هەشتەمدایە.