ڤیدیۆ؛ یۆرگن کڵۆپ هەڕەشە لە ریال مەدرید دەکات

21-02-2023
ئیحسان تاهیر
Photo by Lindsey Parnaby / AFP
Photo by Lindsey Parnaby / AFP
نیشانەکردن ریال مەدرید یۆرگن کڵۆپ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە تیپەکەی ئێستا لە بارودۆخێکی باشدایە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی لە ریال مەدرید کرد و گوتی "لیڤەرپوولی ئێستا جیاوازە لە لیڤەرپوولی پێش چوار هەفتە".
 
ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، یانەی لیڤەرپوول لەسەر یاریگەی ئانفێڵد میوانداری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات.
 
یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری لیڤەرپوول لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و سەرەتا دووپاتیکردەوە کە یارییەکی قورس و گەورە دەبێت.
 
کڵۆپ گوتی "بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی ئەم دواییە و سەرکەوتنەکانی هەردوو یانە لە پاڵەوانێتییەکەدا، یارییەکی گەورە و دیار دەبێت". 
 
ئەو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "دڵخۆشم کە ئێستا ئەم یارییە دەکەین، 4 هەفتە لەمەوبەر تیپەکەمان بەم شێوەیەی ئێستا نەبوو. ژیان پەیوەندی بە کاتەوە هەیە. لەوانەیە ئێمە لە کاتێکی گونجاودا خۆمان دۆزیبێتەوە بۆ ئەم رووبەڕووبوونەوەیە. لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە تەنانەت ئەگەر لە دوایین دوو یاریشدا سەرکەوتنمان بەدەست نەهێنابووایە، هەر ئاستی خۆمان بەرامبەر ریال مەدرید پێشکێش دەکرد، چونکە  ئەمە رکابەرییەکی جیاوازە و دەبێت دەرفەتەکە بقۆزینەوە".
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکەی رێدز، گوتیشی "بەم دواییە دوو ئەنجامی ئەرێنیمان بەدەستهێنا و هیوادارین لەسەریان بەردەوام بین، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت دوو یاری بەهێز ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی سەرکەوین، ئەگەر هەموو توانامان نەخەینەگەڕ، دەرفەتمان نابێت، بەڵام سەبارەت بە ریال مەدرید، پێویست ناکات هەموو هەوڵێکی خۆی بدات بۆ ئەوەی بباتەوە، ئەوان ئەگەر ئاستێکی بەرزیش پێشکێش نەکەن دەتوانن ببەنەوە، ئەمە جیاوازییەکەیە".
 
راهێنەری لیڤەرپوول دووپاتیکردەوە کە لە یاریی کۆتایی جامپیۆنزلیگی وەرزی رابردوودا دەکرا لە ریال مەدرید ببەنەوە و گوتی "تا ئەم هەفتەیە سەیری یاریی کۆتایی وەرزی رابردوومان لەگەڵ ریال مەدرید نەکردبووەوە. یارییەکی باشمان ئەنجامدا و دەمانتوانی ببەینەوە، ئەوان گۆڵێکی یەکلاکەرەوەیان تۆمارکرد و ئێمە نەمانکرد".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە