کێ باشترین تێنسزانە لە مێژوودا؟ نادال وەڵامدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

رافایێل نادال، تێنسزانی بەنێوبانگی ئیسپانی، لە وەڵامی پرسیارێکدا، ناسنامەی باشترین یاریزانی تێنس لە مێژوودا دەستنیشان دەکات.
 
کاتێک پرسیاری ئەوەیان لێکرد، کە کام تێنسزان باشترینی مێژووە؟ رافایێل نادال لە وەڵامدا گوتی "چەندین هۆکاری جیاجیا هەن بۆ ئەوەی یەکێک بە باشترین تێنسزان لە مێژووی یارییەکەدا دەستنیشان بکەی".
 
لێیانپرسی، خۆت و رۆجێر فێدێرێر و نۆڤاک جۆکۆڤیچ، کامتان شایەنی نازناوی باشترین تێنسزانی مێژووە؟ ئەو وەڵامی دایەوە و گوتی "لە کۆتاییدا هەر یەکێک لە ئێمە زیاتر لەوەی خەونمان پێوە دەبینی بەدەستمان هێناوە، من دڵنیام لە راستی ئەم قسەیەم، بۆیە هەرسێکمان شایەنی ئەم نازناوەین".
 
نادال گوتیشی "ئەوە بۆچوونی منە لەو بارەیەوە، کە بێگومان هەر کەسێکی دیکە لەو بارەیەوە بۆچوونی تایبەت بە خۆی هەیە و دەتوانێت یەکێکمان یان تەنانەت یەکێکی دیکە لە دەرەوەی ئەم سێیانەمان بە باشترین تێنسزانی مێژوو بزانێت".
 
ماتادۆر لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتی تێنسی کراوەی ئەکابۆلکۆی مەکسیکی، روونیکردەوە "بردنەوەی دوایین نازناوی گراند سلام هیچ شتێکی لە ژیانیدا نەگۆڕیوە".
 
رافا زیاتر گوتی "ماوەیەکی زۆر بوو بەشداریم نەکردبوو، بۆیە گەڕانەوە بۆ من گرنگتر بوو لە هەر شتێکی دیکە، من دڵخۆشم بەوەی لە ئوسترالیا بەدەستمهێنا، لە راستیدا بۆ من چاوەڕواننەکراو بوو، بەڵام هیچ شتێک لە کارە هەر گرنگەکان ناگۆڕێت".
 
تێنسزانی ئیسپانی، کە دووپاتیکردەوە ئەو بۆ پاڵەوانێتییەکەی مەکسیک ئامادەیە، بەدوای چوارەم نازناوی ئەم پاڵەوانێتییەدا دەگەڕێت، کە پێشتر سێجار لە ساڵانی 2005 و 2013 و 2020 نازناوەکەی بردووەتەوە.