ڤیدیۆ؛ تەواوی رووداوەکانی یاریی هەولێر و شورتە

21-02-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
هەولێر و شورتە
هەولێر و شورتە
نیشانەکردن هەولێر شورتە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر لە بەردەم زیاتر لە 15 هەزار هاندەری تووشی شکستبوو، کاتێک بەرامبەر یانەی شورتە یارییکرد و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕاند.
 
هەولێر لە رکابەرییەکانی گەڕی 22ـی خولی عێراقدا، لە کەش و هەوایەکی باراناویدا بەرامبەر یانەی شورتە یارییکرد، لەنیوەی یەکەمی یارییەکەدا بەهۆی کۆبوونەوەی ئاوێکی زۆر لە یاریگەدا هەردوو یانە نەیانتوانی ئاستی راستەقینەی خۆیان پێشکێشبکەن و نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
 
لە نیوەی دووەمدا لە هێرشێکی پێچەوانەدا ناوبژیوانی یارییەکە لێدانێکی سزای بۆ محەممەد داود هەژمارکرد، مەحمود ئەلمواس، هێرشبەری سوری بەلێدانی سزا گۆڵێکی بۆ یانەی شورتە تۆمارکرد و یانەی میوانی پێشخست، دوای چەند خولەکێک لەم گۆڵە، ناوبژیوان لێدانێکی دیکەی سزای هەژمارکرد، بەڵام ئەمجارە بۆ یانەی هەولێر.
 
دوای هەژمارکردنی ئەم لێدانە سزایە، یاریزانانی یانەی شورتە ناڕەزایەتییەکی زۆریان بەرامبەر بڕیارەکەی ناوبژیوان پێشاندا و بەیەکەوە بەگژ ناوبژیواندا چوونەوە، دوای ئەوەش گرژی و ئاڵۆزییەکی زۆر لەنێو یاریگەدا دروستبوو و بەو هۆیەوە یارییەکە 10 خولەک راگیرا.
 
لەنێو ئەو گرژی و ئاڵۆزییەدا، عەبدولرەزاق قاسم، یاریزانی یانەی شورتە پاڵێکی بە سائد سوێدان، یاریدەدەری نزار مەحروس، راهێنەری یانەی هەولێر نا و ئەمەش بووە هۆی تەشەنەکردنی گرژییەکان، دوای ئەوەش موئمن سلێمان، راهێنەری یانەی شورتە بەکارتی سوور کرایە دەرەوە.
دوای ئەو هەموو ئاڵۆزییە شێرکۆ کەریم، لێدانە سزایەکەی هەولێری جێبەجێکرد، بەڵام تۆپەکەی بەر ستوون کەوت و نەبووە گۆڵ، بەمەش هەولێر هەلی یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکەی لەدەستدا و یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندی یانەی شورتەی میوان کۆتاییهات، کە دوای ئەنجامدانی سێ یاریی بەرامبەر هەولێر لەم وەرزەدا، یەکەمجارە شورتە لە هەولێر دەباتەوە.

 
شورتە بەبردنەوەی ئەم یارییە ژمارەی بردنەوەکانی بۆ 19 بردنەوە بەرزکردەوە و تەنیا لە 3 یارییدا یەکسانبووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و یانەکە بە کۆکردنەوەی 60 خاڵ لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یانەی هەولێر دوای 8 یاریی لەژێر سەرپەرشتی نزار مەحروس، یەکەمجارە لەگەڵ ئەو راهێنەرە تووشی شکستدەبێت، 5 بردنەوە، 2 یەکسانبوون و دۆڕانێکی هەیە، هەولێر ئێستا بە کۆکردنەوەی 25 خاڵ لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی یانەی هەولێر داوای لێبوردنی لە هاندەرانی یانەکە کرد و دەڵێت " نەمتوانی دڵی هاندەران خۆشبکەم، بەڵام لە یارییەکانی داهاتوودا قەرەبووی دەکەمەوە."
 
شێرکۆ کەریم لە پۆستێکدا لە فەیسبووکی خۆی نووسیوویەتی " بەپێویستی دەزانم داوای لێبوردن لە هاندەرانی خۆشەویستی یانەی هەولێر، دەستەی راهێنەران، یاریزانان و دەستەی کارگێری یانەکە بکەم، بەهۆی لەدەستدانی لێدانی سزا لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی شورتە."
 
شێرکۆ زیاتر دەڵێت " پەنا بەخوا لە یارییەکانی داهاتوو قەرەبووی ئەم یارییە دەکەمەوە و هەموو هێز و توانایەکەم دەخەمە خزمەتی یانەی هەولێر بۆ ئەوەی دڵی هاندەرە خۆشەویستەکانی یانەکەمان خۆشبکەین لەگەڵ برا یاریزانەکانی یانەکەمان."

 
دوای یارییەکە مەحمود ئەلمواس، هێرشبەر و گۆڵکاری یانەی شورتە، کە بە 14 گۆڵ گۆڵکاری خولی عێراقە بە رووداوی گوت " سوپاس بۆ خوا بۆ ئەم سەرکەوتنە، پیرۆزە لە برا یاریزانەکانم و هاندەرانی شورتە هیوای بەختێکی باش تر بۆ یانەی هەولێر دەخوازم، یارییەکی یەکجار بەهێز بوو بەو ئەنجامە لەم یاریگەیە بچینە دەرەوە زۆربوو، چونکە ئەرکمان قورس بوو، بەڵام سووربووین لەسەر بردنەوە، لەبەرئەوەی مۆڕاڵمان بەرزە و بەیەک دەست یارییدەکەین و ئەم یارییە گرینگەمان بردەوە و نازناوی خولی عێراق دەبەینەوە."



ئەحمەد سەڵاح، ئەستێرەی پێشووی یانەی هەولێر و یاریدەدەری راهێنەری یانەی شورتە بە رووداوی گوت " من پێموایە ئەمە سێیەم یارییە لە وەرزی ئەمساڵ لەگەڵ یانەی هەولێر، هەولێر تیپێکی بەهێزە بەسەرکردایەتی نزار مەحروسی راهێنەر، پیرۆزبایی سەرکەوتن لە تیپەکەمان دەکەم و هیوای بەختێکی باشتر بۆ یانەی هەولێر، سوپاسی هاندەرانی هەولێر دەکەم بەراستی بەجوانترین شێوە پێشوازییان لێکردین."
 
بەر لە دەستپێکردنی یاریی نێوان هەردوو یانە دەستەی هاندەرانی یانەی هەولێر بە گوڵ پێشوازییان لە هاندەرانی یانەی شورتە کرد، دوای یارییەکەش عزەدین حمێدی، سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەی شورتە بە رووداوی گوت "بەراستی خەجاڵەت بووین کە سەرۆکی دەستەی هاندەران و سەرۆکی یانەی هەولێر پێشوازییەکی گەرمیان لێکردین، ئەمە پاکی و خۆشەویستیان دەردەخات، هاندەرانی هەولێر و شورتە یەک دەستن و خەڵکانێک کاری تێکدەرییان کرد لە ئێمە نین، هاتووین لەناو خەڵک و کەس و کاری خۆمان ئاسوودەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە