هەڵبژاردنی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق دەکرێت

21-02-2021
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن ئەحمەد کۆچەر دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق
A+ A-

رووداو دیجیتال 

دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فیفا بڕیاریدا هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ یەکێتییەکە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

یەکێتیی تۆپی پێی نێودەوڵەتی دەستەیەکی کاتی داناوە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، هەربۆیە دەستەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی نوێکردەوە و گۆڕانکاری تێدا کرد بەپێی یاساکانی فیفا، ئامادەکاریی تەواویشکراوە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی دەستەی نوێ.

ئەحمەد کۆچەر، ئەندام لە دەستەی کاتیی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "دوای ئەوەی پەیڕەوی ناوخۆیمان بۆ فیفا نارد و پەسەندکرا، رۆژی 4ی مانگی نیسان کۆبوونەوەی فراوانی دەستەی گشتی یەکێتییەکەمان دەکەین بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و جێگیری بکەین".

دەستەی گشتی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە 66 ئەندام پێکهاتووە، کە بریتین لە 20 ئەندامی یانە نایابەکان، 20 ئەندامی خولی یانە پلەیەکەکان، 17 ئەندامی لقی شارەکانی یەکێتیەکە لەگەڵ نوێنەرانی دەستەی ناوبژیوانان و راهێنەران و یاریزانان، هەروەها خاوەن پلەی یەکەم و دووەمی خولەکانی فوتساڵی کوڕان و کچان لەگەڵ یاری تۆپی پێی کەنار دەریا، چاوەڕوان دەکرێت ئەندامێکی دیکە بۆ دەستەی گشتی زیادبکرێت بە دروستکردنی لقی بەغدای یەکێتییی تۆپی پێی عێراق، هەر بۆیە ژمارەی دەستەی گشتی دەبێتە 67 ئەندام.

کۆچەر روونیشکردەوە "دوای پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆیی لەلایەن دەستەی گشتی، راستەوخۆ هەڵبژاردنی لقی شارەکان دەکرێت و دەبێت تاوەکو رۆژی 30ی مانگی ئایار تەواوبێت، لەبەرئەوەی رۆژی 30ی مانگی حوزەیران لە شاری بەغدا هەڵبژاردنی دەستەیەکی نوێ بۆ یەکێتییەکەمان دەکرێت".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە