ڤیدیۆ؛ کێشەیەکی دیکە بەهۆی مێسییەوە بەرۆکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەگرێت

رووداو دیجیتال

میدیای ئەرجەنتینی هۆشداری ئەوە دەدات کێشەیەکی دیکە رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ببێتەوە لە دوو یاری داهاتووی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەردا.

لە کۆتایی مانگی داهاتوودا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی 2022ـی قەتەر دوو یاری گرنگ و زەحمەت بەرامبەر هەڵبژاردەکانی ئۆرۆگوای و بەرازیل دەکات.

بەپێی میدیای ئەرجەنتینی، کێشەیەک بۆ هەڵبژاردەی تانگۆ بەڕێوەیە، بەهۆی ئەو دەمەقاڵێیەی لە یاری بارسێلۆنا و پاریس سانجێرمان لە چامپیۆنزلیگدا، لەنێوان هەردوو یاریزانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، هەریەکە لە لیۆنێل مێسی کاپتنی بارسا و لیاندرۆ پارێدێسی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی پاریس سانجێرماندا روویدا.

ڤیدیۆیەکی ئەو یارییە، کە بە ئەنجامی 4 - 1 بۆ بەرژەوەندی پاریسییەکان کۆتاییهات، بڵاوبووەتەوە و تێیدا دەردەکەوێت کە پارێدێس رەخنە لە مێسی دەگرێت لەسەر ئەوەی سەرپێچییەک لەدژی دەکات، مێسیش زۆر بە تووڕەیی قسەی لەگەڵ دەکات.

بەپێی میدیای ئەرجەنتینی پێشبینی دەکرێت تووڕەبوونی مێسی کێشە بخاتە نێو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، چونکە هەر کاتێ مێسی لە یاریزانێک تووڕەببێت باجی پێدەدات و لەوانەیە لە پارێدێسیش خۆش نەبێت.

پێشتر هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن مێسییان بەوە تۆمەتبارکردووە کە دەستەڵاتی رەهای بەسەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە هەیە، تا ئەو راددەیەی کە ئەو هەر یاریزانێکی بەدڵ نەبێت رێگە نادات لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یاری بکات، لەوانەش پاولۆ دیبالا و ماورۆ ئیکاردی، بێگومان ئەو بە قسەی دەزگاکانی راگەیاندن، بۆیە ئەگەر ئەوە راستبێت، کەواتە چارەنووسی پارێدێسیش لە مەترسیدایە لەگەڵ هەڵبژاردەی تانگۆ، کە ئێستا یەکێکە لە باشترین و گرنگترین یاریزانانی ئەو هەڵبژاردەیە.