دایکی رۆناڵدینیۆ بە کۆرۆنا مرد

21-02-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆناڵدینیۆ دایکی رۆناڵدینیۆ
A+ A-

رووداو دیجیتال

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی بەرازیل و ئیسپانیا، هەواڵی کۆچی دوایی دۆنا ئاسیسی دایکی رۆناڵدینیۆی ئەفسانەی بەرازیلییان بڵاوکردەوە، کە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبوو.

ئەستێرەی بەرازیلی لە یەکەم کاردانەوەیدا بۆ کۆچی دوایی دایکی، وێنەی ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەردا گۆڕی بەدانانی وێنەیەکی رەش لە ماتەمینی دایکیدا، کە لە تەمەنی 71 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەو ئەستێرە بەرازیلییە چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاندبوو کە دۆنا ئاسیسی دایکی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە یەکەی چاودێریی وردی نەخۆشخانەیەکی شاری پۆرتۆ ئەلیگری چارەسەری وەردەگرێت.

رۆناڵدینیۆ هەروەها لە رێگەی تویتەرەکەیەوە نامەیەکی بۆ هەوادارانی ناردبوو، کە داوایلێکردبوون دوعا بۆ دایکی بکەن، کە بە دەست ئەو پەتایەوە دەناڵێنێت.

ئەفسانەی تۆپی پێی بەرازیل بەپەرۆش بوو بۆ سەرکردایەتیکردنی کەمپەینێک بۆ داواکردنی ئەوەی کە هەموو کەسێک دەمامکی پزیشکی باکاربهێنێت بۆ بەگژداچوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا، دوای ئەوەی ژمارەی قوربانیانی یەک ملیۆن کەسی لە سەرتاسەری جیهاندا تێپەڕکرد.

رۆناڵدینیۆ وێنەیەکی لە ئەکاونتی ئینستاگرامەکەی خۆی بڵاوکردەوە، کە دەمامکێی پزیشکی لەبەرکردووە، نووسیویەتی "جیهان گەیشتووەتە قۆناخێکی زۆر بێزارکەر، یەک ملیۆن کەسی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهاندا مردوون، ئێمە ناهێڵین بگاتە ملیۆنێکی دیکە، دەمامکەکەت بەکاربهێنە".

ئەفسانەی بەرازیلی هەروەها نووسیویەتی "پەیڕەوی ئەو رێوشوێنە و رێگریانە بکە کە لەلایەن رێکخراوی تەندروستیی جیهانەوە پێشنیازکراون، پشتگیری ئەو پڕۆژانە بکە کە رێکخراوەکە سەرکردایەتیان کردووە بۆ پاراستنی هەمووان لە ڤایرۆسەکە".

رۆناڵدینیۆ زۆر وابەستەبوو بە دایکییەوە، چونکە ئەو هانی کوڕەکەی داوە یاری تۆپی پێ بکات و هەموو شتێکی بۆی کردووە تاوەکو بووەتە یەکێک لە باشترین ئەستێرەکانی تۆپی پێی جیهان.

لە ساڵی 2005 کاتێک رۆناڵدینیۆ باڵۆن دۆری بردەوە، دایکی کە ئامادەی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکە بووبوو، گوتی "شانازی بەوە دکەم کە من یەکەم گۆڵپارێز بوومە رۆناڵدینیۆ گۆڵی لێکردبێت، چونکە رۆژانە چەند کاژێرێک لە دەرگای گەراجدا دەبوومە گۆڵپارێز و ئەو شووتی لێدەدا".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە