یونس مەحموود هێرشێکی تووند دەکاتە سەر تۆپی پێی عێراق


رووداو - هەولێر

یونس مەحموود، ئەستێرە و کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و جێگرەکەی راستگویی خۆیان لەدەستداوە.

لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیوندا یونس مەحموود، نارەزایەتی خۆی لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق پێشاندا و گوتی، عەبدولخالق مەسعود، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق و عەلی جەباری جێگری، متمانەی خۆیان لەدەستداوە و یەکێتییەکە هیچ بەهایەکی نەماوە.

مەحموود لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، ئەگەر حکومەت عێراق پارە لە یەکێتییەکە ببڕێت، هیچ یەکێک لە ئەندامەکانی ئامادەنین لە کارەکانیدا بمێننەوە.

یونس پاڵپشتی خۆی بۆ سکاڵای عەدنان درجال لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بۆ شایەدی دان بۆ درجال دەچێتە سویسرا و لەبەردەم دادگای کاسی وەرزشی شایەدی دەدات، لەبەرامبەر ئەو گەندەڵیانەی کە کراون.

لەبارەی دەستگرتن بە پارەوە، کاپتنی پێشووی عێراق دەڵێت، مووچە و خەرجییەکانی ئەندامانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق 400 ملیۆن دینار لەسەر حکومەت کەوتەوە، ئەوە کوا دەستگرتنە پێیەوە.

خاوەنی گۆڵی بردنەوەی نازناوی جامی ئاسیای 2007 لە کۆتایی قسەکانیدا جارێکی دیکە گوتی، ئەگەر حکومەت چاودێری و لێپێچینەوە بکات، هیچ یەکێک لە ئەندامەکانی یەکێتی تۆپی پێی عێراق نامێنێت.

یونس مەحموود لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کۆبوونەوەیەک بانگێشتکراوە و هەفتەی داهاتوو پێکەوە کۆدەبنەوە.