رووداو دیجیتاڵ
وێست برۆم چاوی لە گرێبەستکردنە بۆ هێرشبەری پرێمەرلیگ بۆ ئەوەی هێڵی پێشەوە بەهێزتر بکات و چاوی لە گواستنەوەی عەلی حەمادی، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق و یانەی ئیپسویچ تاونە.
وێستبرۆمیچ لە چامپیۆنشیپ یاری دەکات و چاوی لە گەڕانەوەیە بۆ پرێمەرلیگ، بۆ ئەوە دەیەوێت هێڵی پێشەوەی بەهێزتر بکات و کاردەکات بۆ گواستنەوەی عەلی حەمادی، بەتایبەت کە یاریزانەکە لەلایەن ئیپسویچ تاونەوە بەشێوەی سەرەکی پشتی پێنابەسترێت و یاریزانەکە زۆرینەی کاتەکان لەسەر کورسی یەدەگە، یانیش هەر بانگهێشت ناکرێت.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یانەی وێستبرۆمیچ ماوەیەکی زۆرە بەدوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێت، ئێستاش کە جۆش ماجای هێرشبەری یانەکە تووشی پێکانبووە، یانەکە پێویستییەکی زیاتری بە هێرشبەرە بۆ ئەوەی تیپەکەی بەهێزتربکات.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "یانەکە نزیکبووەتەوە لە یەکلاکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە عێراقییەکە و ئەگەری هەیە عەلی حەمادی، لە رێگەی وێستبرۆمیچەوە جارێکی دیکە بگەڕێتەوە نێو رکابەرییەکانی چامپیۆنشیپ."
گرێبەستی عەلی حەمادی، لەگەڵ یانەی وێستبرۆمیچ بەشێوەی خواستن دەبێت و ئەگەری هەیە بۆ ماوەی شەش مانگ بێت.
هێرشبەرە 22 ساڵە عێراقییەکە، لە یانەکانی سوانزی، ویکەمب، وێمبڵی و برۆملی یارییکردووە و ئێستا لە پرێمەرلیگ یاری دەکات.
حەمادی، یەکەم یاریزانە لە مێژووی تۆپی پێی عێراقدا بەشداریی لە یارییەکانی پرێمەرلیگدا کردبێت و 11 یاریی لەم وەرزەدا بۆ یانەکەی ئەنجامداوە، بەڵام تەنیا 125 خولەک یارییکردووە و زۆرینەی یارییەکانی بەشێوەی یەدەگ ئەنجامداوە.
یانەی وێستبرۆمیچ ئێستا لە پلەی شەشەمی ریزبەندی چامپیۆنشیپە و چاوی لەوەیە رکابەری لەسەر گەڕانەوە بۆ پرێمەرلیگ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ