ئەو یاریزانەی مانچێستەر سیتی گرێبەستی لەگەڵ کرد کێیە؟

21-01-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ڤیتۆر ریێس گواستنەوەی یاریزانان مانچێستەر سیتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا، دووەم گرێبەستی راگەیاند و گواستنەوەی ڤیتۆر ریێس، بەرگریکاری بەرازیلیی بۆ یانەکەی ئاشکراکرد.
 
مانچێستەر سیتی بەفەرمی گواستنەوەی یاریزانەکەی لەسەر پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیاڵ میدیا و ماڵپەری فەرمی یانەکە راگەیاند، گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2029 دەبێت و بەرامبەر 29.5 ملیۆن پاوەند واژۆکراوە.
 
دوای واژۆکردنی گرێبەستەکەی و ناساندنی وەکو یاریزانی یانەی مانچێستەر سیتی بە درێسی ژمارە 22، ڤیتۆر ریێس قسەی بۆ ماڵپەری مانچێستەر سیتی کرد و گوتی "پەیوەندیکردن بە مانچێستەر سیتییەوە بۆ من وەکو خەونێک وایە، لە منداڵییەوە بەردەوام خەونم بووە یاری بۆ یانەیەکی گەورەی وەکو مانچێستەر سیتی بکەم."
 
یاریزانە بەرازیلییەکە زیاتر دەڵێت "پێپ گواردیۆلا باشترین راهێنەری جیهانە و خەونی من بوو لەژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرەدا یاری بکەم."
 
ڤیتۆر دی ئۆلێڤێرا نونێز دۆس ریێس، تەمەنی 19 ساڵە و لە دایکبووی ساوپاوڵۆیە، یاریزانەکە لە دڵی بەرگریدا یاری دەکات، ساڵی 2016 لە تیپی لاوانی یانەی پالمێراسی بەرازیلی دەستی بە یارییکردن کردووە و لە سەرەتای ئەم وەرزەوە ئاستبەرزییەکەی سەرنجی پێپ گواردیۆلای راکێشا و لە کۆتاییدا گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرا.
 
گواستنەوەی ئەم یاریزانە بەرازیلییە، دووەم گرێبەستی زستانەی یانەی مانچێستەر سیتییە دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە گواستنەوەی عەبدوقودیر خوسانۆڤ، بەرگریکاری ئوزبەکستانی بۆ یانەکە راگەیێنرا.
ڤیتۆر ریێس، بەرگریکاری مانچێستەر سیتی




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە