رۆناڵدۆ باوەڕی بە باڵۆن دۆر و زە بێست نەماوە
رووداو دیجیتاڵ
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یاریزانی یانەی نەسڕی سعودی، رەخنەی توند لە خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر و زە بێست دەگرێت و دەڵێت "ئەو خەڵاتانە خەریکە متمانە لەدەستدەدەن."
رۆناڵدۆ لە رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی گڵۆب سۆکەر، وەک باشترین یاریزانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەستنیشانکرا. ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی ریکۆردی پۆرتوگالی، باسی خەڵاتەکانی زە بێست و باڵۆن دۆر دەکات و دەڵێت "ئەو خەڵاتانە خەریکە متمانە لەدەستدەدەن. ئێمە پێویستە شیکاری بۆ هەموو وەرزەکە بکەین."
رۆناڵدۆ زیاتر دەڵێت "من ناڵێم مێسی شایستەی بردنەوەی زە بێست نەبوو، یان هالاند یان ئێمباپێ، بەڵام من چیدیکە باوەڕم بەم خەڵاتانە نەماوە، قسەکانی من بەهۆی ئەوەوە نییە کە خەڵاتی گڵۆب سۆکەرم بردەوە، بەڵام ئەوە راستییەکانە، ژمارەکان هەن و ئەوان هەڵتناخەڵەتێنن. ناتوانن ئەم خەڵاتە لە من ببەن، ئەمەش زیاتر دڵخۆشم دەکات، چونکە ژمارەکان راستەقینەن."
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا جارێکی دیکە رۆناڵدۆ دەبینین باڵۆن دۆر یان زە بێست بباتەوە، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەڵێت "دەزانین کە ئەو رێکخراوانە چۆن بەڕێوەدەبرێن. ئەوە روونە کە هەمیشە یانەکەم و هەڵبژاردەکەم بۆ من گرنگتربوونە. خەڵاتەکان دوای وەرزێکی باش دێن لەگەڵ یانە و هەڵبژاردە. بەڕاستی من زۆر بیری لێناکەمەوە."
دواتر رۆناڵدۆ لەبارەی یۆرۆی 2024 پرسیاری لێدەکرێت، لە وەڵامدا دەڵێت "بردنەوەی یۆرۆ ئامانجمە و هەموو هەوڵێکی بۆ دەدەم، دەمەوێت یۆرۆی داهاتوو بەدەستبهێنم. پێم باشتر جارێکی دیکە ببمەوە پاڵەوانی یۆرۆ وەک لەوەی بگەمە گۆڵی ژمارە 1000."
دواتر رۆناڵدۆ باس لەو 54 گۆڵە دەکات کە لە 2023 تۆماریکرد و دەڵێت "مێسی خەڵاتی زە بێستی بەدەستهێنا لە کاتێکدا زۆربەی یارییەکانی لە خولی ئەمریکی ئەنجامدابوو، کە بەبەراورد بە ئەوروپا گرنگییەکی ئەوتۆی نییە. هەندێک کەس لەوانەیە بڵێت ئەو 54 گۆڵەی تۆماریکردووە ئاسانتربووە چونکە لە سعودیە یاری کردووە، بەڵام پیشەگەرانی تۆپی پێ خەحمەتی گۆڵ تۆمارکردن دەزانن جا چ لە سعودیە، ئیتاڵیا، ئیسپانیا یان پۆرتوگال بێت. گۆڵ هەر گۆڵە، من شانازی بەخۆمەوە دەکەم کە توانیم هالاند، ئێمباپێ و کەین تێپەڕێنم."
لەبارەی وازهێنانی لە یاریکردن رۆناڵدۆ دەڵێت "ژیان داینامیکییە، سبەینی گرەنتی نییە. رەنگە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا وازبهێنم، یان لەوانەیە بۆ ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی دیکە بەردەوامبم. تاوەکو ئەو کاتەی مێشک و جەستەم لە دۆخێکی باشدابێت و چێژ لە تۆپی پێ وەردەگرم، بەردەوامدەبم. کاتێک هەست دەکەم کە چیدیکە سوودم نابێت، یەکەم کەس دەبم کە ئەو هەنگاوە بنێم و وازدەهێنم. ئێستا لە دۆخێکی باشدام، لە نێو یاریگەشدا لەگەڵ یانەکەم و هەڵبژاردەکەم چێژ وەردەگرم."