شێرکۆ کەریم بەهۆی جامی کەنداوەوە لە یانەی کوێتی کوێتی دووردەخرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

یانەی کوێتی کوێتی بە فەرمی دەستبەرداری شیرکۆ کەریم، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عێراق بوو، دوای ئەوەی یاریزانەکە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی بەشداریی لە جامی کەنداودا کرد.
 
شێرکۆ کەریم لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عەلی عاشوور، راهێنەری یانەی کوێتی کوێتی بەهۆی ئەوەی رازی نەبوو من بەشداری لە جامی کەنداوی 25 بکەم لە بەسرە، بڕیاریدا من لە ریزی یانەکە دووربخاتەوە، چونکە من بە قسەی ئەو و، کارگێڕیی یانەکەم نەکرد و لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراقدا بەشداریم لەو پاڵەوانێتییەدا کرد کە بووینە پاڵەوان."
 
شێرکۆ گوتیشی، "ئەوەی بەلای منەوە گرنگ بوو ئەوەبوو بەشداری لە جامی کەنداو بکەم و گوێم بە قسەی ئەوان نەدا و دەستبەرداری چەند مووچەیەکی خۆشم بووم لەو یانەیە، ئەوەی بۆ من گرنگ بوو ئەوەبوو کە یەکێکبم لە یاریزانەکانی هەڵبژاردەی عێراق و نازناوی جامی کەنداو بۆ عێراق ببەمەوە."
 
لەبارەی یانەی داهاتووشی، شێرکۆ بە رووداوی راگەیاند، ماوەیەکە یانەی هەولێر لەسەرهێڵن لەگەڵی و نزیکە لە گەڕانەوە بۆ ریزی ئەو یانەیەی کە بە "یانەی خۆمی دەزانم و لێی ئاسوودەم، ئێستا لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکەمدا سەرقاڵی ئاهەنگێڕانین و لە چەند رۆژی داهاتوودا بە فەرمی داهاتووی خۆم یەکلادەکەمەوە."
 
شێرکۆ کەریم شانبەشانی ئاسۆ رۆستەم، رێوان ئەمین و ئاڵای فازڵ وەک یاریزانانی کورد بەشدارییان لە جامی کەنداو کرد و شێرکۆ یەکێک بوو لە یاریزانە سەرەکییەکانی یاریی کۆتایی جامی کەنداوی 25 کە هەڵبژاردەی عێراق بە سەرکردایەتیی خیسۆس کاساسی ئیسپانی بۆ جاری چوارەم لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی جامەکە کە لە شاری بەسرەی باشووری عێراق بەڕێوەچوو.
 
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری بەغدا پێشوازیی لە شاندی هەڵبژاردەی عێراق کرد و دەستخۆشیی و پیرۆزبایی لێکردن، یاریزانەکانیش بەخۆشحاڵییەوە وێنەی یادگارییان لەگەڵدا گرت.