دیێگۆ سیمیۆنی: دێپای دیێگۆ کۆستام بەبیردێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

 

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، خۆشحاڵی خۆی بە گوستنەوەی مێمفێس دێپای هێرشبەری هۆڵەندی بۆ ریزەکانی تیپەکەی دووپاتکردەوە و گوتی "هەوڵدەدەین مێمفێس دێپای بگەینینە بەرزترین ئاستی". مێمفێسیش گوتی "ئاتلێتیکۆ مەدرید تیپێکی بەهێز و خاوەن یاریزانی بەتوانایە بۆیە چوومە ریزەکانی".
 
یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی، گرێبەستکردنی لەگەڵ مێمفێس دێپای هێرشبەری هۆڵەندی راگەیاند، کە یاری بۆ یانەی بارسێلۆنا دەکرد.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید بڕی 3 ملیۆن یۆرۆ لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە هێرشبەرە تەمەن 28 ساڵییەکەی هۆڵەندا دەداتە بارسێلۆنا، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی یەک ملیۆن یۆرۆی دیکە.
 
دێپای، کە لە مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا یارمەتی هۆڵەندای دا بۆ گەیشتن بە قۆناخی چارەکی کۆتایی مۆندیال، بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیوی داهاتوو لە مەدرید دەمێنێتەوە.
 
لە چوارچێوەی گرێبەستەکەدا، بارسێلۆنا مافی کڕینی یانیک کاراسکۆی یاریزانی باڵی ئاتلێتیکۆ مەدریدی دەبێت.
 
دێپای ساڵی 2021 لە یانەی لیۆنی فەرەنسییەوە پەیوەندی بە یانەی بارسێلۆناوە کرد، لەسەر داوای رۆناڵد کومانی راهێنەری ئەوکاتی یانەی کەتەلۆنی، کە لەگەڵیدا یاریزانێکی سەرەکی بوو، بەڵام پاشەکشەی کرد و بووە یاریزانیکی یەدەگ دوای ئەوەی چاڤی هێرناندێز لە ناوەڕاستی وەرزی رابردوودا جێگەی کۆمانی گرتەوە.
 
تەنانەت بەشداریکردنی زیاتر کەم بووەوە دوای هاتنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و رافینیا لە هاوینی رابردوودا.
 
دێێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لەو بارەیەوە گوتی "یاریزانێکی پڕ لە حەماسەتمان بۆ دێت، ئامادەیە باشترین ئاستی خۆی لێرە پێشانبدات، کاردەکەین بۆ دۆزینەوەی ئەو یاریزانە، ئەو یاریزانەی لە یانەی لیۆنی فەرەنسی یاریکردووە، بەتایبەتی کە هەموو لێهاتوویی و هێزی جەستەیی خۆی لەوێ نیشاندا. ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی بگاتە باشترین ئاستی".
 
ئەو زیاتر لەبارەی مێمفێسەوە گوتی "دێپای زۆر دیێگۆ کۆستام بیردەخاتەوە، کە وەک یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەر دەستیپێکرد و دواتر بووە هێرشبەر، چونکە بەهرەکانی تەقینەوە، بەهێزە، شتەکان رێکدەخات. ئەمە کۆستایە. مێمفێسیش سەلماندی کە وایە، بەتایبەت لە فەرەنسا. وەرزی رابردوو لە بارسێلۆنا خراپ نەبوو، بەڵام لەم وەرزەدا بەهیچ شێوەیەک یاری نەکردووە".
 
سەبارەت بەوەی کە ئایا بارسێلۆنا بژاردەی ئەوەی هەیە یانیک کاراسکۆ لە هاویندا بگوازێتەوە وەک بەشێک لە گرێبەستی دێپای؟ راهێنەری ئەرجەنتینی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید گوتی "لەوانەیە ئەم شتە لەگەڵ کاراسکۆ رووبدات، بەڵام من بەتەواوی ئاگاداری مەرجەکانی رێککەوتنەکە نیم، بۆیە نازانم دەمێنێتەوە یان دەڕوات". 
 
لای خۆیەوە، مێمفێس دێپایش، گوتی "ئاتلێتیکۆ مەدرید تیپێکی بەهێز و خاوەن یاریزانی بەتوانایە بۆیە چوومە ریزەکانی". هەروەها گوتیشی "دیێگۆ سیمیۆنی راهێنەرێکی گەورەیە و دەیویست بچەمە تیپەکەی".