ههڵبژاردهی عێراق دێنە ههولێر
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، یاریزانان و دەستەی کارگێڕی هەڵبژاردەی عێراق سەردانی هەولێر دەکەن و ئاهەنگێک بۆ پێشوازیکردن لێیان رێکدەخرێت.
رۆژی شەممە 21-01-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بۆنەی بردنەوەی جامی کەنداو، رۆژی دووشەممە 23-01-2023 کاژێر 2:30ی پاش نیوهڕۆ، لە یاریگاى نێودەوڵەتى فهرهنسۆ هەریرى بە ئاهەنگێک پێشوازى لە یاریزانان و دەستەی کارگێڕیی هەڵبژاردە عێراق دەکرێت.
هەڵبژاردەی عێراق، دوای زیاتر لە 35 ساڵ نازناوی جامی کەنداوی بردەوە، دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی عومان بەدەستهێنا.
عێراق بەبردنەوەی ئەم نازناوە بووە خاوەنی دووەم زۆرترین نازناو لەسەر ئاستی پاڵەوانێتییەکە، کوەیت 10 جار بووەتە پاڵەوان، عێراق 4 نازناوی بردووەتەوە و جگە لە کوەیت هیچ هەڵبژاردەیەکی دیکە زیاتر لە عێراق نازناوەکەی نەبردووەتەوە.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراق 3 یاریزانی کورد یارییان دەکرد، کە هەریەکە لە شێرکۆ کەریم، یاریزانی یانەی کوێتی کوێتی، ئاسۆ رۆستەم، یاریزانی یانەی سالمیەی کوێتی و رێوان ئەمین، یاریزانی یانەی داڵکورد بوون و لەگەڵ هەڵبژاردەکە نازناوی جامی کەنداویان بردەوە.
ئەمڕۆ شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم چووە بەغدا، دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمەکەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە دەستەی راهێنەران، یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد.
نێچیرڤان بارزانی، تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵ خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و سەرجەم ئەندامانی دەستەی راهێنەران و یاریزانانی هەڵبژاردەکە کرد و پیرۆزبایی بردنەوەی جامی کەنداویان لێکردن.