یونس مەحموود سوپاسی نێچیرڤان بارزانی دەکات

22-01-2023
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو - دیجیتاڵ

یونس مەحموود، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق و جێگری سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.

لە بڵاوکراوەیەکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، یونس مەحموود وێنەیەکی خۆی و نێچیرڤانی بارزانی داناوە و سوپاسی سەرۆکی هەرێم دەکات کە پاڵپشتی هەڵبژاردەکەی کردووە.

مەحموود کە خاوەنی گۆڵە مێژووییەکەی هەڵبژاردەی عێراقە دژی هەڵبژاردەی سعودیە لە یاریی کۆتایی جامی ئاسیای 2007 کە عێراق بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بووە پاڵەوانی ئاسیا، بۆ نێچیرڤان بارزانی نووسیوە: ئەمڕۆ چاومان بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کەوت، پاڵپشتیی خۆی بۆ وەرزش و لاوان دووپاتکردەوە و سوپاسی دەکەین و سوپاسی هەر کەسێک دەکەین کە پاڵپشتی لە هەڵبژاردەی عیراق بکات.

 

لە تیک تۆکەکەشیدا، یونس ڤیدیۆیەکی خۆی و نێچیرڤان بارزانی داناوە و گفتوگۆ دەکەن.

بارزانی پێی دەڵێت تۆ خەڵکی کام ناوچەی، یونسیش دەڵێت من خەڵکی شارۆچکەی دبسم، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: ئەها کەواتە دراوسێین.

لە درێژەی گفتوگۆکەدا یونس ئاماژە بەوەش دەکات کە لە هەولێر ماڵی هەیە و جار جارە لەوێ دەمێنێتەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی تیرۆرکردنی محەممەد باقر حەکیم چووە بەغدا، دوای بەشداریکردنی لە رێوڕەسمەکەدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشوازیی لە دەستەی راهێنەران، یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق و ئەندامانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق کرد.
 
نێچیرڤان بارزانی، تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵ خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و سەرجەم ئەندامانی دەستەی راهێنەران و یاریزانانی هەڵبژاردەکە کرد و پیرۆزبایی بردنەوەی جامی کەنداویان لێکردن.

هەر چوار یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی عیراق، ئاڵای فازل، ئاسۆ رۆستەم، شیرکۆ کەریم و رێوان ئەمین لەگەڵ گۆڤەند عەبدولخالق کە تاکە ئەندامی کوردی یەکێتیی تۆپی پێی عیراقە وێنەیەکی بەکۆمەڵیان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیدا گرت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە