ڤیدیۆ؛ لە ماوەی کاژێرێکدا مێسی و ئامۆزاکەی بە کارتی سوور دەرکراون

رووداو دیجیتال

ئیمانوێل بیانکۆچی، یاریزانی ئەرجەنتینی و ئامۆزای لیۆنێل مێسی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لە ماوەی 6 خولەکدا هەموو سەرنجەکانی بەلای خۆیدا برد.

ئیمانوێل بیانکۆچی، یاریزانی یانەی ڤیلانۆڤای بەرازیلی لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی یانەکەی لەگەڵ یانەی ئیتۆنۆ لە خولی پلە سێیەکانی بەرازیل، لە ماوەی 6 خولەکدا گۆڵێکی کرد، یانەکەی گەیاندە خولی پلە دووەکانی بەرازیل و بە کارتی سووریش دەرکرا.

بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە بەرازیل، ئیمانوێل بیانکۆچی لەو یارییەدا کە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان بوو، لە خولەکی 26 کارتێکی زەردی وەرگرت، دوای 6 خولەک گۆڵێکی نایابی بۆ تیپەکەی تۆمارکرد و لە کاتی ئاهەنگگێڕاندا درێسی خۆی داکەند و ناوبژیوان کارتی دووەمی زەردی بە روویدا بەرزکردەوە و بە کارتی سوور لە یارییەکە کردە دەرەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش تیپەکەی بەو گۆڵەی گەیشتە خولی یانە پلە دووەکانی بەرازیل.

ئەوەی زیاتر جێگەی سەرەنج بوو، ئەوەبوو کە ئەو کارتە سوورەی بیانکۆچی و لیۆنێل مێسی ئامۆزای لە هەمان کاژێردا بووە، کە بەر لەو مێسی لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا بە کارتی سوور دەرکرا و بارسێلۆنا 2 - 3 بە ئاتلێتیک بیلباو دۆڕا و نازناوەکەی لەدەستدا، کە لیۆ یەکەمجارە لە مێژووی خۆیدا لەگەڵ بارسا کارتی سوور وەردەگرێت.