سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە عێراق دروستدەکرێت

20-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سانتیاگۆ بێرنابیۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دەیەوێت چەند یاریگەیەکی سەرنجڕاکێش لە شارە جیاوازەکانی عێراق دروستبکرێن، بۆ ئەوەش لەگەڵ کۆمپانیایەکی جێبەجێکار گەیشتە رێککەوتن و ئەگەری هەیە یاریگەی هاوشێوەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە عێراق دروستبکرێن.
 
بەپێی هەواڵی میدیای عێراق، عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ دیزاینەری تایبەتی یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆی یانەی ریال مەدرید و کۆمپانیای جێبەجێکاری گەیشتووەتە رێککەوتن، بۆ ئەوەی یاریگەی هاوشێوە لە شارەکانی عێراق دروستبکەن.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ماوەیەکی زۆرە بەدوای کۆمپانیایەک دەگەڕێت بۆ ئەوەی یاریگەی باشتر دروستبکات و لە رێگەیەوە کار بۆ پێشخستنی تۆپی پێی وڵاتەکەی بکات.
 
عەدنان درجال رێککەوتنێکی دیکەی لەگەڵ سەرۆکی کۆمپانیای پرۆ بۆ کاری میدیایی کردووە، کە ئەو کۆمپانیایە یارییەکانی خولی تۆپی پێی ئیسپانیا دەگوازێتەوە و دەیەوێت هەمان کۆمپانیا کارەکانی گواستنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق و یارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامبدات.
 
رێککەوتنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ دروستکردنی یاریگەی جیاوازتر و گواستنەوەی یارییەکان بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێشتر لەکاتێکدایە، فیدراسیۆنەکە رێککەوتنێکی هاوئاهەنگیی لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا کردووە، ئێستا لالیگا سەرپەرشتی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات.
 
لە ماوەی رابردوودا هەڵبژاردە جیاوازەکانی عێراق بۆ کردنەوەی کەمپی مەشق و راهێنان و ئەنجامدانی یاریی دۆستانە چوونە ئیسپانیا، خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی لالیگا چووە بەغدا و لە رێوڕەسمی راگەیاندنی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئامادەبوو.
 
سەرۆکی دەستەی لالیگا و سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق دووپاتیدەکەنەوە کە ئەوان دەیانەوێت خولی عێراق لە چەند ساڵی داهاتوودا ببێتە یەکێک لە بەهێزترین خولەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە