سەمەد جەوهەر بۆ رووداو: هەولێر ئازادە، بابچێتە دادگا و کەس دەستی نەگرتوون

20-12-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سەمەد جەوهەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
سەمەد جەوهەر، راهێنەری پێشووی تیپی تۆپی پێی یانەی هەولێر لە خولی نایابی کوردستان، لە رێگەی رووداوەوە وردەکاریی کێشەکانی لەگەڵ یانەی هەولێر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "یانەکە ئازادە و کەس دەستی نەگرتوون بابچنە دادگا."
 
سەمەد جەوهەر، راهێنەری دەستلەکارکێشاوەی یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "کاتێک وازم لە راهێنەرایەتیی یانەی هەولێر هێنا بڕیارمدابوو هیچ قسەیەک نەکەم، بەڵام یەکێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکە گوتی سەمەد جەوهەر نەگەڕێتەوە دەیدەینە دادگا بڕیارمدا بێم قسەتان بۆ بکەم."
 
سەمەد جەوهەر دەڵێت "پێم سەیرە کاتێک باسی دادگا دەکرێت لەگەڵ راهێنەرێک کە ساڵی رابردوو یانەکەی گەڕاندووەتەوە خولی نایابی کوردستان، جگە لەوەش من یاریزانی دێرینی ساڵی نەوەدەکانی یانەی هەولێرم و دێن باسی دادگا دەکەن کە گوایە من کەمتەرخەمیم کردووە و دەبێت بگەڕێمەوە، بەڵام دڵنیام ئەوە رای هەموو دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر نییە و منیش لەگەڵ هەمووانم نییە."
 
راهێنەرەکە زیاتر دەڵێت "ئەوەندەی کارگێڕیی یانەی هەولێر کەمتەرخەمیی بەرامبەر تیپەکە کردووە، زۆر زیاتربوو لە هی راهێنەر و یاریزانەکان، نزیکەی سێ مانگە یاریزانەکان یەک مووچەیان وەرگرتووە، لە یەکەم رۆژەوە پارەی گرێبەستەکەم وەرنەگرتووە، هەرگیز سەردانی تیپەکەیان نەکردووە و خەمخۆری تەواوی تیپەکە نەبوون، ساڵی رابردوو بووینە پاڵەوانی خولی پلە یەک و گەڕاینەوە تاوەکو ئێستا رێزلێنان بۆ یانەکە نەکراوە و نیو مووچەی ساڵی رابردووشیان لەلا ماوە."
 
سەمەد جەوهەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "لە هەموو دونیا وایە کاتێک راهێنەرێک وازدەهێنێت شتێکی ئاساییە، نازانم بۆ قبوڵی ناکەن لەکاتێکدا دڵنیام زۆربەیان پێیانخۆشبوو واز لە کارەکەم بهێنم و رێگەی وازهێنانیان پێشاندام و لە رێگەی نامەی ناراستەوخۆ بە یاریدەدەرەکانی منیان دەگوت ئایا ئێوە بەنیازی چین؟ هەر وازناهێنن؟ ئایا هەواڵی وازهێنانتان نییە؟ پێویستە ئەوان خۆیان بەرامبەر ئەو کەمتەرخەمییەی هەیانە بدەنە دادگا نەک من."
 
راهێنەری پێشووی یانەی هەولێر زیاتر دەڵێت "دادگا شوێنی براوەی پیاوە راستەکانە، کەس دەستی نەگرتوون ئازادن، ئەوە بیڕوڕای خۆیانە و بابیکەن ئەمە ئاساییە و هیچ کێشەیەکم نییە، پێم سەیرە و دامنابوو لێدوان نەدەم، ئەگەر ئەنجامەکان باش نین من خاوەنی ئەنجامەکانم، بەڵام لەسەر زاری خۆیان پێشتر یەک دوو ئەندامی دەستەی کارگێڕی پێیانگوتووم لەگەڵت باش نابین، پێمخۆشە وازم لێبێنن و چیدیکە لێدوانم لەبارەوە نەدەن، دەمەوێت ئەوەندە بیر لە من نەکەنەوە، من راهێنەرێکم و وازمهێناوە دەبێت ئەمە ئاسایی بێت، با ئەوان بیر لە یەک ریزیی خۆیان بکەنەوە و تیپەکە بەرەوپێشەوە ببەن، کارگێڕیی پێشوو چوار جار خولی عێراقیان بردەوە و دووجار چوونە یاریی کۆتایی جامی ئاسیا، با ئەمانیش بیربکەنەوە و گرنگی بە هەموو یانەکان بدەن و با جارێک خولی عێراق ببەنەوە، هاندەران ئەوەیان دەوێت."
 
سەمەد جەوهەر بە رووداوی گوت "من دڵگرانبووم بە بیستنی ئەوەی هەولێر دەیەوێت من بداتە دادگا، ئایا چ تاوانێکم کردووە؟ ئایا ئێوە بۆ ئەوە بوونە دەستەی کارگێڕی بۆ ئەوەی رق لە راهێنەرێکی خۆتان هەڵبگرن، خۆ من هەرگیز بێڕێزیم بەرامبەر ئەوان نەکردووە، ئەنجام خراپە هۆکار من و یاریزانەکانین، بەڵام هەندێک هۆکاریش هەبوون خەتای دەستەی کارگێڕی بوون، ئەوان دەستوەردانیان نەدەکرد، تەنیا یەکجار نەبێت دوو ئەندامی دەستەی کارگێڕی دەیانەویست یاریزانێک وەربگرم و وەرمنەگرت دوای ئەوەی بارودۆخەکە بەرامبەر من پێچەوانە بووەوە."
 
راهێنەرە بەنێوبانگەکەی هەولێر بە دڵی پڕەوە دەڵێت "کارگێڕیی یانەی هەولێر رێگەی وازهێنانی پێشاندام، بەڵام نازانم بۆچی وازم لێناهێنن و نازانم ئەوان چۆن بە ئاسوودەیی دادەنیشن کاتێک دەزانن قسەکانی من راستن، لە هەموو دونیا دەستلەکارکێشانەوەی راهێنەر ئاساییە و هەموو مرۆڤێک مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات."
 
دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەمەد جەوهەر لە پۆستی راهێنەرایەتیی تیپی تۆپی پێی کوردستانی یانەی هەولێر، ناکۆکی کەوتە نێوان دەستەی کارگێڕیی یانەکە و ئەو راهێنەرە و یانەی هەولێر دەڵێت "دەستلەکارکێشانەوەکەیمان قبوڵ نەکردووە و راهێنەرەکەش ئامادەنییە بگەڕێتەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە