هەواڵێکی چاوەڕواننەکراو بۆ بەرازیلییەکان

 
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسیلڤا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی هیلالی سعودی، بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە ماوەیەکی زۆر لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە و بەشداری لە کۆپا ئەمریکای داهاتووشدا ناکات.
 
رۆدریگۆ لاسمار، پزیشکی هەڵبژاردەی بەرازیل لە نوێترین لێدوانیدا رایگەیاند، نەیمار ناتوانێت بەشداری لە کۆپا ئەمریکای ساڵی داهاتوو بکات و یاریزانەکە پێویستیی بە هەنگاوی دیکەیە بۆ ئەوەی قۆناخی وەرگرتنی چارەسەرییەکانی بەباشی جێبەجێ بکات.
 
لاسمار دەڵێت "هێشتا زۆر زووە، پێویست بەوە ناکات واز لە هەنگاوەکان بهێنین بۆ چاکبوونەوە، پێشبینی دەکەین لە سەرەتای ساڵنامەی نوێی ئەوروپا لە ساڵی 2024 کە مانگی 8 دەکات نەیمار ئامادەبێت بۆ یارییکردن."
 
نەیمار لە یاریی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 رۆژی 18ـی مانگی 10 بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆی تووشی پێکانێکی قورس بوو و بەو هۆیەوە بە گریانەوە یاریگەی بەجێهێشت و چەندین مانگ لە هەڵبژاردەی بەرازیل و یانەی هیلالی سعودی دووردەکەوێتەوە.
 
نەیمار لە گواستنەوەی هاوینی رابردوودا، لە یانەی پاریس سانجێرمانەوە بەرامبەر 90 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە ریزەکانی یانە سعودییەکەوە کرد، بەڵام یاریزانەکە نەیتوانی خزمەتێکی باشی ئەو یانەیە بکات و تووشی پێکانبوو.
 
هەڵبژاردەی بەرازیل لە دۆخێکی زۆر خراپدایە، 6 یاریی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال ئەنجامداوە، 3 یاریی دۆڕاندووە و تەنیا 2 بردنەوەی هەیە، ئێستا هەڵبژاردەکە لە کۆی 10 هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور لە پلەی شەشەمی ریزبەندە و خاوەنی تەنیا 7 خاڵە.