فیفا: مۆندیالی قەتەر باشترین مۆندیالی مێژووە

20-12-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن مۆندیالی 2022 مۆندیالی قەتەر فیفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان ( فیفا )، بەبۆنەی کۆتاییهاتنی مۆندیالی 2022ـی قەتەر پەیامێکی ئاراستەی جیهان کرد و گوتی " مۆندیالی قەتەر سەرکەوتووترین مۆندیال بووە تاوەکو ئێستا بەڕێوەچووبێت."
 
سەرۆکی فیفا لە سەرەتای پەیامەکەیدا گوتی " پیرۆزبایی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکەین بەبۆنەی بردنەوەی نازناوی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، پیرۆزبێت لە ئەرجەنتین، پیرۆزبایی لە فەرەنسا دەکەین بۆ بەدەستهێنانی پلەی دووەم و بێگومان لە کرواتیاش بەبۆنەی بردنەوەی پلەی سێیەم و بەدەستهێنانی میدالیای برۆنز، هەروەها مەغریب کە مۆندیالێکی نایابی پێشکێشکرد،  بێگومان بۆ هەر 32 تیپەکەی بەشدار لە مۆندیالدا، کە باشترین مۆندیال بوو تاوەکو ئێستا، تاوەکو ئێستا ئاستی رکابەرییەکان بەشێوەیەکی بڕواپێنەکراو و بەرزبوو، کە یەکەمجارە مۆندیالێکی لەم شێوەیە بەڕێوەبچێت، تیپەکانی هەموو کیشوەرەکان گەیشتنە قۆناخەکانی کۆتایی مۆندیال، کەواتە دەبینین بەراستی تۆپی پێ جیهانی دەبێت."
 
ئینفانتینۆ زیاتر سوپاسی قەتەر دەکات و دەڵێت " سوپاسی قەتەر دەکەین بۆ میواندارییەکی وەها نایاب، بەڕاستی نایاب بوو، سوپاسی قەتەر دەکەین چونکە ئەوەی ئێوە کردووتانە بۆ پێشوازیکردن لە جامی جیهان لە وڵاتەکەتاندا، لەم وڵاتە جوانەدا، بڕواپێنەکراو بوو و هەمووان هەستیان دەکرد لە ماڵی خۆیانن، بۆ هەموو هاندەران کە بۆ مۆندیال لە قەتەر بوون و لە یاریگەکان و ماڵەوە سەیری یارییەکانیان کردووە."
 
جیانی هێشتا قسەیکرد و گوتی " پێموایە هەموو جیهان بەڕاستی ئەم مۆندیالەیان لە باوەشگرتووە، بینیمان تۆپی پێ چۆن جیهان یەکدەخات و کۆدەکاتەوە، هەوادارانی 32 وڵات لە قەتەر بوون و بە ئارامی و شادی کۆبوونەوە، بێگومان لە دەرەوەی یاریگەشدا، ئێمە هێزی تۆپی پێ و پێشکێشکردنی مۆندیالمان بەکارهێناوە بوو رووبەڕووبوونەوەی جیاکاریی، هەروەها سەقامگیری و هاندانی خەڵک بۆ ئەوەی زیاتر چالاک بن، بۆ دڵنیابوون لەوەی منداڵەکانیان پارێزراون و دڵنیابوون کەوەی کە هەیانە هەروەها زۆر شتی دیکە هەیە کە دەکرێت چاوەڕێیان بکەین."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سەرۆکی فیفا دەڵێت " مۆندیالی خانمان لە ئوسترالیا و نیوزلەندا لە مانگەکانی تەمموز و ئابی 2023، کە تەنیا شەش مانگی ماوە، ئامادەکارییەکان بۆ مۆندیالی داهاتوو کە لە کەنەدا، مەکسیک و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، پاڵەوانێتییەکی سەرنجڕاکێش و ورووژێنەر دەبێت، بێگومان دووبارە سوپاس، سوپاس بۆ ئەو هەموو ئەو کەسانەی یارمەتیدەربوون بۆ ئەوەی ئەم مۆندیالە ببێتە باشترین مۆندیال تاوەکو ئێستا و بۆ ئەوەی نیشانیاندا کە تۆپی پێ جیهان یەکدەخات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە