ڤیدیۆ؛ قەتەر لە قەرەباڵخیی مۆندیالەوە بۆ چۆڵەوانی و ئارامی

20-12-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
فان فێستیڤاڵی مۆندیالی 2022
فان فێستیڤاڵی مۆندیالی 2022
نیشانەکردن مۆندیالی 2022
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دیمەنی قەرەباڵخی و جەنجاڵیی شوێن و شەقام و سەرجەم کۆڵانەکانی قەتەر لە کۆبوونەوەی هاندەران و ئاهەنگگێڕانەوە گۆڕدرا بۆ کۆکردنەوەی جانتا و گەڕانەوە بۆ وڵاتەکانیان.
 
لە ماوەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، هیچ شوێنێک نەما پڕ نەبێت لە رەنگەکانی ئاڵا و درێسی هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیال، دەچووی بۆ هەر شوێنێک هەزاران هاندەر لێ کۆدەبوونەوە و چاوەڕێی دەستپێکردنی یاریی هەڵبژاردەکانیان بوون.
 
هاندەران جانتاکانیان کۆدەکەنەوە و دوای بەسەربردنی کاتێکی سەرنجڕاکێش و باڵکێش قەتەر بەرەو وڵاتەکانیان بەجێدەهێڵن.
 
کارلۆس دێڤێنسێنزۆ هاندەری ئەرجەنتینە و دەڵێت "بڕیارماندا دوای قۆناخی پێشکۆتایی بێینە ئێرە، دوای ئەوەی تیپەکەمان گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی، پرسیارم لە باوکم کرد و سەرەتا بەخێرایی رەتیکردەوە، بەڵام دواتر هاتەوە و گوتی بابڕۆین، قەتەر وڵاتێکی زۆر جوانە، بۆم دەرکەوت ئەوەی لە میدیادا لەبارەی وڵاتەکەوە دەگوترێت راست نییە، ئەوە زۆر دوورە لە راستی، وڵاتێکی زۆر خۆشە، خەڵکەکەی دۆستانە و پاک و خاوێنە، هەموو شتێک نوێ و جوانە، مۆندیال زەحمەت بوو، نزیکبوو لەکاتی لێدانەکانی یەکلاکەرەوەدا جەڵتەی دڵ لێمبدات، بەڵام لە کۆتاییدا شایەنی ئەوەبووین کە بەدەستمانهێنا."
 
فان فێستیڤاڵ لە دەرەوەی یاریگەکان بەنێوبانگترین شوێن بوو بۆ کۆبوونەوەی هاندەران لە مۆندیالدا، لە ماوەی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیال زیاتر لە یەک ملیۆن هاندەر سەردانی ئەو شوێنەیان کرد بۆ هاندانیان هەڵبژاردەکانیان و بەسەربردنی کاتێکی لەبیر نەکراو، بەڵام ئیدی ئەو شوێنەش تێکدەدرێت و بۆ هەمیشە لە مێژووی مۆندیال و قەتەرییەکاندا دەمێنێتەوە.
 
تیبۆڵت مارشال هاندەری فەرەنسایە و دەڵێت "خۆشحاڵم، من هاتم چونکە ئەو یارییە پێموایە باشترین یاریی کۆتایی مۆندیال بوو کە لە ژیانی خۆمدا بینیبێتم، پەشیمان دەبوومە ئەگەر نەم بینیبا."
 
ئیدی مۆندیال کۆتاییهات و قەتەر مێژوویەکی گەورە و لەبیرنەکراوی تۆمارکرد، شەقامەکانیشی لە قەرەباڵغی و کۆبوونەوەی هاندەران، دەگەڕێنەوە بۆ ئارامی و بێدەنگی کاتی ئاسایی.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە