یانەی تۆتێنهام لە کۆنفڕانسلیگ کرایە دەرەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی کۆنفڕانسلیگ کرایە دەرەوە، دوای ئەوەی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی رێنی فەرەنسی، لە بەرژەوەندی رکابەرەکەی هەژمارکرا.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بڕیاری لەبارەی ئەنجامی، یاریی نێوان هەردوو یانەی تۆتێنهام و رێن دا، کە لە دوایین گەڕی قۆناخی کۆمەڵەکاندا بڕیاربوو بەرامبەر یەکدی یاری بکەن و یانە فەرەنسییەکە بە براوە بە 3-0 هەژمارکرا.
 
یانەی تۆتێنهام بەهۆی تووشبوونی چەند یاریزانێکی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، داوای دواخستنی یارییەکەی کردبوو و بەو هۆیەوە یاریی نێوان هەردوو یانە ئەنجامنەدرا، دوای ئەوەش هەردوولا لەسەر وادەیەکی دیکە بۆ ئەنجامدانی یارییەکە رێکنەکەوتن و بڕیاردرا یوفا ئەنجامی یارییەکە یەکلابکاتەوە، لەکاتێکدا سەرەتا رێن نەرمی نواند و بە داواکاریی تۆتێنهام رازیبوو بۆ دواخستنی یارییەکە.
 
دوای بەدواداچوونەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپاش بڕیاردرا یارییەکە بۆ یانەی رێن هەژماربکرێت، بەمەش یانەی تۆتێنهام ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی جامی کۆنفڕانسلیگ کرد.
 
چوونە دەرەوەی تۆتێنهام لە پاڵەوانێتییەکەدا لەکاتێکدایە یانەکە لە پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی بوو، لە ئەگەری بردنەوەی لە رێن دەگەیشتە قۆناخی داهاتوو، بەڵام بە دۆراو هەژمارکرا، بەمەش یانەی ڤیتێس ئارنهایمی هۆڵەندی وەک دووەمی رکابەرییەکانی کۆمەڵەی حەوتەم گەیشتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.