ناوبژیوان کەوتە بەر رەخنەی کلۆپ و کۆنتی

20-12-2021
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ 

 

دوابەدوای یەکسانبوونی هەردوو یانەی تۆتێنهام و لیڤەرپوول لە خولی نایابی ئینگلتەرا، ناوبژیوانی یارییەکە کەوتە بەر شاڵاوی رەخنەکانی یۆرگن کلۆپ و ئەنتۆنیۆ کۆنتی.
 
لە دوایین یاریی شەوی یەکشەممەی خولی نایابی ئینگلتەرا کە لە نێوان تۆتێنهام و لیڤەرپوولدا کرا و یارییەکەش 2-2 کۆتاییهات، لە یارییەکدا چەند حاڵەتێکی ناوبژیوانێتی هەبوون، کە کارگەرییان بەسەر ئەنجامی یارییەکەوە هەبوو، لە دیارترینیان دەرکردنی رۆبێرتسۆن بە کارتی سوور و دەرنەکردنی هاری کەین، هەژمارکردنی گۆڵێکی گوماناوی بۆ لیڤەرپوول و هەژمارنەکردنی لێدانێکی سزا بۆ هەمان یانە. 
 
کلۆپ دەستیپێکرد: پێموایە ئێمە ئێستا هاوڕاین، هەمووان هاوڕاین کە هاری کەین شایستەی کارتی سوور بوو، بەڵام نەکرا، سەبارەت بە لێدانی سزاکە بەڕێز پۆڵ تێرنی بەمنی گوت کە وایزانیوە دیۆگۆ جۆتا بە ئەنقەست وەستاوە تاوەکو لێبدرێت و ببێتە لێدانی سزا، ئەمەش تێڕوانینێكی تایبەتە، لێدانێکی سزای روون بوو، بەڵام پێیوایە کە لێدانێکی سزای ئاشکرا نەبوو، ئەمەش دوو بڕیاری هەڵەی ئەو بوون، سێیەمیشیان هەر لە دژی ئێمە بوو.
 
یۆرگن دەشڵێت: ئەم ماوەیە دۆخەکە قورسە، پێویستە دڵنیابینەوە کە هەموومان هەمان هەل و هەمان دۆخمان هەیە بە رێژەیەکی زۆرەوە، ئێستا دۆخەکە قورسترە، ناتوانین بە ئارەزووی خۆمان پێکهاتە دابنێین، بەیانیان دەبێت چاودێریی هەواڵەکان بکەین و ئەنجامی پشکنینەکانمان بۆ ئاشکرابکرێت، ئێمە بۆ ئەم یارییە هیچ بیرۆکەیەکی پێشوەختەمان سەبارەت بە تۆتێنهام نەبوو، نەماندەزانی هەفتەی رابردوو کێ یارییکردووە و کێ یاری دەکات، کاتێک کە پێکهاتەی سەرەکیی ئەوانمان بینی، جگە لە یارینەکردنی هۆیبێرگ، هەمووان سەرەکی بوون.
 
لە بەرامبەردا ئەنتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری یانەی تۆتێنهام ئارامتر هێرشیکرد و دەڵێت "ناوبژیوان گۆڵێكی نادروستی بۆ لیڤەرپوول هەژمارکرد".
 
کۆنتی دەڵێت: کاتێک کە تیپێک 18 یاری کردووە و ئەوەی دیکە 15 یاریی کردووە دۆخەکە ئاسان نابێت، شتەکە سادە نییە، پێموایە دەیانویست ئەنجامی یەکسانبوون بسەپێنن، وانییە؟.
 
ئەو راهێنەرە ئیتاڵییە بەردەوام بوو: ئاسان نییە قسە لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوان بکەین، نازانم ئەگەر یۆرگن بییەوێ ئەو کارە بکات یان نا، بەڵام تیمەکەی من پێیانگوتم کە گۆڵی دووەمی ئەوان فاوڵ بووە، تۆپەکە بەردەستی محەممەد سەڵاح کەوتووە و دواتر بووەتە هۆی تۆمارکردنی گۆڵەکە.
 
لە کۆتاییشدا پەسنی یارییەکەی کرد "دووبارەی دەکەمەوە کە یارییەکی سەرنجڕاکێش بوو، ئەوانەی کە یارییەکەیان بینی بوو پەرۆشبوون بۆ رووداوەکان، لەم یارییەدا شتی زۆر روویاندا، باشتر کە قسە لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوان نەکەین پێموایە ئەمە بۆ هەمووان سوودی زیاترە".
 
گۆڵەکانی لیڤەرپوول لە رێگەی دیۆگۆ جۆتا و ئاندی رۆبێرتسۆنەوە تۆمارکران، هاری کەین و سۆن هیۆنگ مین گۆڵەکانی سپێرزیان کرد.
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە