ڤیدیۆ؛ ئاتلێتیک بیلباو نەیهێشت ریال بێتیس لە پێشەنگ نزیک ببێتەوە

20-12-2021
ئیحسان تاهیر
Photo by ANDER GILLENEA / AFP
Photo by ANDER GILLENEA / AFP
نیشانەکردن ریال بێتیس ئاتلێتیک بیلباو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئاتلێتیک بیلباو لەسەر یاریگەی خۆیدا 3 خاڵی گرنگی لە ریال بێتیس وەرگرت و 3-2 لێیبردەوە، کە لە دوایین خولەکدا گۆڵی بردنەوەی تۆمارکرد.
 
ریال بێتیس، کە بە 33 خاڵ سێیەمی ریزبەندییە، بە ئامانجی بەدەستهێنانی 3 خاڵی دیکە و زیاتر نزییکبوونەوە لە ریال مەدرید و سێڤییای یەکەم و دووەم بووە میوانی ئاتلێتیک بیلباو، بەڵام بەبێ خاڵ گەڕایەوە.
 
ئینیاکی ویلیامز دوو خولەکی بەسبوو بۆ ئەوەی گۆڵی پێشکەوتن بۆ بیلباو بەدەستبێنێت، بەڵام خیمینێز لۆپێزیش 4 خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی ئەنجامەکە بۆ بێتیس یەکسان بکاتەوە.
 
دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەم نەبیل فەقیر گۆڵی دووەمی بۆ تیپی میوان تۆمارکرد، بەڵام ئینیاکی ویلیامز لە خولەکی 72 ئەنجامەکەی هاوسەنگ کردەوە.
 
لە دوایین خولەکدا ئۆسکار دی مارکۆس گۆڵی سێیەم و بردنەوەی بۆ بیلباو تۆمارکرد، کە ئەو یانە باسکییە بووە خاوەنی 24 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندیدا.
 
ئاتلێتیک بیلباو لەم وەرزەدا بە دۆخێکی باشدا ناڕوات، کە ماوەی نزیکەی دوو مانگە ئەوە یەکەم سەرکەوتنە لە لالیگادا بەدەستدێنێت، کە بەر لەم یارییە لە دوایین 8 یارییدا 3 جار دۆڕاوە و لە 5 یارییشدا یەکسانبووە.
 
دوایین بردنەوەی ئاتلێتیک بیلباو لە لالیگای ئەم وەرزەدا بۆ رۆژی 23ـی مانگی 10ـی رابردوو دەگەڕێتەوە، کە لەسەر یاریگەی خۆیدا 2-1 لە ڤیاڕیالی بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە