سێریا ئەی.. هەردوو یانەکەی میلانۆ بەدوای سەرکەوتندا دەگەڕێن

رووداو دیجیتال

بە ئەنجامدانی 7 یاری، ئەمڕۆ کۆتایی بە یارییەکانی گەڕی 13ـی سێریا ئەی دەهێنرێت، کە تیایاندا هەردوو یانەکەی شاری میلانۆ بەدوای سەرکەوتندا دەگەڕێن، بۆ رکابەریکردن لەسەر پلەکانی یەکەم و دووەمی ریزبەندیی خولەکە.

یارییەکانی ئەمڕۆی سێریا ئەی بە یاری تۆرینۆ و بۆلۆنیا دەستپێدەکەن، کە تۆرینۆ لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و لە دوایین 3 یارییدا تووشی شکست بووە، لە دوایین 6 یارییدا نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەستبێنێت، تەنیا 6 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی پێشکۆتایی ریزبەندیی گرتووە، بۆیە زۆر پێویستی بە 3 خاڵی ئەم یارییە هەیە، بۆ ئەوەی هەندێک لە مەینەتییەکانی کەم بکاتەوە.

لە یارییەکی گرنگدا ئینتەرمیلان میوانداری سپێزیا دەکات و ئامانجی بردنەوەی شەشەم یارییە بەسەریەکەوە لە خولی ئیتالیادا، ئەگەر 3 خاڵەکە بباتەوە پلەی دووەم لە یوڤێنتوس وەردەگرێت، تەنانەت بۆی هەیە پلەی یەکەمیش لە میلان وەربگرێت، ئەگەر بێتوو ئەو یانەیە لە یارییەکەیدا کە دەبێتە میوانی ساسۆلۆ نەتوانێت سەرکەوتن بەدەستبێنێت.

میلانی پێشەنگ ئەرکی ئاسان نابێت، بەو پێیەی یارییەکە لە دەرەوی یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەیەکی رێکخراو ئەنجام دەدات، کە ساسۆلۆ تاوەکو ئێستا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ پلەی پێنجەمی ریزبەندیی گرتووە.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

تۆرینۆ - بۆلۆنیا 14:30
بێنێڤێنتۆ - جێنەوا 17:00
کالیاری - ئودینێزی 17:00
ئینتەرمیلان - سپێزیا 17:00
ساسۆلۆ - میلان 17:00
ئاتالانتا - رۆما 20:00
لازیۆ - ناپۆلی 22:45