ئەمڕۆی پرێمەرلیگ.. تۆتێنهام و لێستەر سیتی لەسەر 3 خاڵی زێڕین یاریدەکەن

رووداو دیجیتال

ئەمڕۆ 4 یاری لە پرێمەرلیگدا بەڕێوەدەچن، کە گرنگترینیان یاری تۆتێنهام و لێستەر سیتی دەبێت، بەو پێیەی پلەی سێیەم و چوارەمی ریزبەندییان گرتووە و ئەوەی بیباتەوە دەچێتە پلەی دووەم.

یەکەم یاری لە نێوان برایتۆن - شیفێڵد یونایتد دەبێت و کاژێر 15:00 بە کاتی باشووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.

لەو یارییەدا شیفێڵد یونایتدی دوایینی ریزبەندیی هەوڵدەدات بردنەوەیەک بەدەستبێنێت و 3 خاڵ لە برایتۆنی خاوەنی پلەی 16 وەربگرێت، کە تەنیا یەک خاڵی هەیە.

لە یاری دووەمدا لێستەر سیتی دەبێتە میوانی تۆتێنهام، کە پێشبینی دەکرێت هەردوولا شەڕێکی قورس لەسەر 3 خاڵەکە بکەن، چونکە 3 خاڵی زێڕینن و ئەوەی بیانباتەوە خۆی دەگەینێتە پلەی دووەم لەدوای لیڤەرپوولی پێشەنگ.

لە یارییەکی دیکەدا، ئۆلترافۆرد یاری مانچێستەر یونایتد و لیدز یونایتد لەخۆی دەگرێت، کە شەیتانە سوورەکان دەیانەوێت لەسەر ئەنجامە باشەکانیان لە پرێمەرلیگدا بەردەوام بن، کە 6 یارییە بەسەریەکەوە نەدۆڕاون. دوایین یاریش لەنێوان وێست برۆمیچ و ئاستۆن ڤێلا دەبێت.

یارییەکانی ئەمڕۆ:

برایتۆن - شیفێڵد یونایتد 15:00
تۆتێنهام - لێستەر سیتی 17:15
مانچێستەر یونایتد - لیدز یونایتد 19:30
وێست برۆمیچ - ئاستۆن ڤێلا 22:15