رۆماریۆ خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تی كاندید ده‌كات


رووداو – هه‌ولێر


رۆماریۆ ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی بەرازیل رایگەیاند، بە نیازە خۆی بۆ پۆستی سەرۆكایه‌تی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەكەی كاندید بكات و بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە لە تۆپی پێی وڵاتەكەیدا.

رۆماریۆ، كە ئێستا تەمەنی 51 ساڵە و پێشتر لە 1994 مۆندیالی لەگەڵ بەرازیل بردووەتەوە، ئه‌مڕۆ رایگەیاند بە ئامانجی پاككردنەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەكەی، دەیەوێت پۆستی سەرۆكی فیدراسیۆنەكە وەربگرێت.

رۆماریۆ ئێستا سەرۆكی لیژنەیەكە لە وڵاتەكەی بۆ رووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و لێدوانەكەشی دوای ئەوە دێت، كە چەند رۆژێك لەمەوبەر فیفا سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیلی بۆ ماوەی سێ مانگ لە كاركردن سڕكرد.

دەسەڵاتدارانی بەرازیل ئێستا لێكۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆكی تۆپی پێی بەرازیل ماركۆ پاولۆ دیل نێرۆ و چەند بەرپرسێكی دیكەی وەرزشی دەكەن، كە لە گەورەترین ریسوایی و گەندەڵی لە تۆپی پێدا تیوەگلاون.