مێسی لەگەڵ ئینتەرمەیامی بڕیارە گەورەکە دەدات

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامی رۆیشتنی راهێنەری ئەرجەنتینی، تاتا مارتینۆی بەڕێوەبەری تەکنیکی تیپەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی یانەکە نەیتوانی لە جامی خولی ئەمریکیدا بگاتە قۆناخە پێشکەوتووەکانی پلەی ئۆف.
 
یانە ئەمریکییەکە لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، پشتڕاستی کردەوە کە رۆیشتنی مارتینۆ بەهۆی هۆکاری کەسییەوە بووە، بەڵام لەوانەیە تیپەکە بەدوای راهێنەرێکی بەهێزتردا بگەڕێت پێش ئەوەی هاوینی داهاتوو بەشداری لە جامی جیهانی یانەکاندا بکات.
 
ماڵپەڕی Give Me Sport پێداچوونەوەی بە چەند ناوێکی ئەفسانەییدا کردووە کە دەتوانن سەرکردایەتی مەشقەکانی ئینتەرمەیامی لە شوێنی تاتا مارتینۆ بگرنەوە، ئەمە ئەو لیستەیە کە لەوانەیە لە کۆتاییدا لیۆنێل مێسی یەکێکیان هەڵبژێرێت.
 

خاڤێر ماسکێرانۆ
 
ماسکیرانۆ هاوڕێ و هاوکارێکی دێرینی مێسییە و لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2018 بۆ یانەی بارسێلۆنا یاری کردووە، لە هەمانکاتدا لەساڵی 2003 تا2015 نوێنەرایەتی ئەرجەنتین کردووە.
 
ماسکیرانۆ لە خولەکانی ئەرجەنتین، بەرازیل، ئینگلتەرا و ئیسپانیا و تەنانەت چینیشدا یاری کردووە و یاریزانە تەمەن 40 ساڵەکە ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێناوە وەک یەکێک لەباشترین بەرگریکارەکانی سەردەمی خۆی، هەروەها ناسراوبوو لە پچڕاندنی تۆپ لەژێر قاچی هێرشبەراندا.
 
بەڵام کاروانی وەرزشیی ئەو راهێنەرەی لەدایکبووی سان لۆرێنزۆ هێشتا لە قۆناخی سەرەتاییدایە، بەو پێیەی تەنیا راهێنەرایەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی خوار تەمەنی 20 ساڵان بووە، هەروەها راهێنەری ئەرجەنتین بووە لە یارییەکانی ئۆڵیمپیادی پاریس 2024، کە تێیدا هەڵبژاردەی نیشتمانیی ئەرجەنتین لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا دۆڕا.
 

تێری هێنری
 
تێری هێنری هاوڕێی پێشووی مێسی دوای رۆژە ئەفسانەییەکانی وەک یاریزانێک، ئێستا بە شرۆڤەی وەرزشی ناسراوە، دیارترینیان رووماڵی چامپیۆنزلیگ لە کەناڵی سی بی ئێس سپۆرت.
 
لەسەر ئاستی راهێنەرایەتیدا، لە چەند ساڵی رابردوودا چەندینجار لە پۆستی راهێنەردا دەرکەوتووە، بەو پێیەی هێنری لەنێو دەستەی راهێنەرایەتی یانەکانی مۆناکۆی فەرەنسی و مۆنتریالی ئەمریکیدا بەسەربردووە و راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا تەمەن خوار 21 ساڵان، بووە و هەڵبژاردەی ئۆڵیمپی فەرەنسای گەیاندووەتە یاریی کۆتایی ئۆڵیمپیادی پاریس 2024 کە 3-5 بە ئیسپانیا دۆڕا.
 
هێنری بەگشتی لە هیچ پۆستێکدا زیاتر لە ساڵێک بەردەوام نەبووە، چونکە تەنیا 20 یاری لەگەڵ مۆناکۆ سەرکردایەتی کردووە، و تەنیا یەک وەرز لە مۆنتریال بوو، هەروەها ماوەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسای خوار 21 ساڵان لە مانگی ئابی 2023 تاوەکو مانگی ئابی 2024 بەردەوام بوو.
 
دووەمی ریزبەندیی باڵۆن دۆرەکەی ساڵی 2003 تاوەکو ئێستاش گیانی رکابەرییەکی بەرزی هەیە، بەو پێیەی قوتابی گواردیۆلایە، کە فەلسەفەی راهێنەرایەتییەکەی بەسەرکەوتوویی جێبەجێ دەکات.
 
ئەو و مێسی لە ماوەی نێوان ساڵانی 2007 تاوەکو 2010 پێکەوە لە بارسێلۆنا یارییان کردووە و چامپیۆنزلیگیان بردووەتەوە. ئایا دەتوانن وەرزی داهاتوو پێکەوە دەست بە هاوڕێیەتییان بکەنەوە لە مەیامی؟
 

زینەدین زیدان
 
زیدان تاکە ناوە لەم لیستەدا کە لە کاروانی وەرزشیی پەیوەندی لەگەڵ مێسیدا هەبێت، جا چ وەک یاریزان یان وەک راهێنەر. زیدان ساڵانێک وەک راهێنەری ریال مەدرید لە زۆر لە یارییەکانی ئیلکلاسیکۆدا رووبەڕووی ئەو کوڕە ئەرجەنتینییە بووەتەوە، بۆیە هەمیشە دژی یەکدی بوونە، ئەگەرچی هەردووکیان زۆر رێز لە یەکدی دەگرن و یەکدی بە یەکێک لە باشترینەکانی مێژوو وەسف دەکەن.
 
زیزۆ ئێستا بە یەکێک لە راهێنەرە بەردەستەکان دادەنرێت، و بەرپرسانی ئینتەرمەیامی خەون بە رازیکردنییەوە دەبینن، کە لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ مەدرید 10 نازناوی بەدەستهێناوە، لەوانە 3 نازناوی لەسەریەک لە چامپیۆنزلیگ و دوو نازناوی خولی ئیسپانیا.
 
زیدانی تەمەن 52 ساڵ خەونی یەکەمی جێگرتنەوەی دیدێ دیشامە لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی فەرەنسا، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتیی تۆپی پێی فەرەنسا نەگەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە دیشام شایەنی پۆستەکەی نەبێت.
 
براوەی مۆندیالی 1998 تا راددەیەک نامۆیە بە مێسی و هاوڕێکانی، بەڵام لەوانەیە ئەوە شتێک بێت کە ئینتەرمەیامی پێویستی پێی بێت بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنێت.
 

چاڤی هێرناندێز
 
چاڤی لۆژیکیترین بژاردەیە، کە بەدڵنیاییەوە لە لوتکەی لیستی کورتی ئینتەرمەیامی دەبێت کاتێک گەڕان بەدوای راهێنەری نوێ دەستپێدەکات.
 
ئەو یاریزانە ئەفسانەییە ئیسپانییە زۆربەی کاروانی یاریکردنی لە پاڵ مێسی، بۆسکێتس، جۆردی ئەلبا و لویس سوارێز بەسەربردووە و دەتوانێت پیاوێکی زۆر گونجاو بێت بۆ ئەو کارە.
 
چاڤی هەندێک دەستکەوتی وەک راهێنەر لە بەرزترین ئاستیشدا نیشانداوە، چونکە یانەی بارسێلۆنای کردە براوەی نازناوی لالیگا لە وەرزی 2022-2023 و جامی سوپەری ئیسپانیا لە ساڵی 2023.
 
یاریزانە تەمەن 44 ساڵەکە لە قەتەریش وەک راهێنەر سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لە ماوەی یاریکردنی لەگەڵ یانەی سەددی قەتەریدا 7 نازناوی لە خولی ئەستێرەکانی قەتەری بەدەستهێناوە.
 
ئێستا دوای جێهێشتنی بارسێلۆنا، کە لە هاوینی رابردوودا لە کارەکەی دوورکەوتووەتەوە، بەدڵنیاییەوە ئارەزووی وەرگرتنی پۆستی راهێنەری ئینتەرمەیامی دەکات، ئەگەر ئەو پۆستەی پێشکەش بکرێت و مێسی رەزامەندی لەسەر بدات.