پێپ لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەردەوام دەبێت


رووداو دیجیتاڵ

یانەی مانچێستەر سیتی نزیکە لە کۆتاییهێنان بەمشتومڕی رۆیشتنی پێپ گواردیۆلای راهێنەری یانەکە.
 
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، سیتی کۆتایی بەدەنگۆکانی رۆیشتنی پێپ لە یانەکە هێناوە و بڕیارەکە یەکلابووەتەوە.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانە، کارگێڕیی مانچێستەر سیتی لەگەڵ پێپدا رێکەوتوە بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ بۆ ماوەی ساڵێک، لەگەڵ مانەوەی بژاردەی نوێکردنەوە بۆ ساڵێکی دیکەش.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێپی 53 ساڵ، لە چەند رۆژی داهاتوودا رادەگەیێنرێت.
 
پێپ لە ساڵی 2016ەوە راهێنەری مانچێستەر سیتییە، کۆنترۆڵی نازناوە نێوخۆییەکانی ئینگلتەرای لەگەڵ یانەکەیدا کردووە. لە هەشت وەرزدا، شەش نازناوی پرێمەرلیگی بەدەستهێناوە.
 
پێپ هەروەها پێشەوایەتیی مانچێستەر سیتی کرد بۆ بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی چامپیۆنزلیگ لە مێژووی خۆیدا.
 
بەپێی گرێبەستی پێشتری نێوانیان، کارکردنی گواردیۆلا لەگەڵ سیتی لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.
 
پێشتر پێپ چەند جارێک ئاماژەی بەوەدابوو کە دڵنیا نییە لە بەردەوامبوون لەگەڵ مانچێستەر سیتی.