ڤیدیۆ؛ ئەرجەنتین بردنەوەیەکی زەحمەتی تۆمارکرد

20-11-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئەرجەنتین
ئەرجەنتین
نیشانەکردن ئەرجەنتین پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین گەڕایەوە سەر رێگەی بردنەوەکان و سەرکەوتنێکی زەحمەتی بەرامبەر هەڵبژاردەی پیرۆ بەدەستهێنا.
 
دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا بەرامبەر پاراگوای دۆڕا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رکابەرییەکانی گەڕی دوازدەیەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا بەرامبەر پیرۆ یارییکرد و یارییەکەی بە زەحمەت بردەوە.
 
یارییەکە لە یاریگەی لابۆمبونێرای یانەی بۆکا جونیۆرز بەڕێوەچوو، سەرەتای یارییەکە سارد و سڕ بوو و هەردوولا بە خۆپارێزییەوە یارییان دەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندجارێک خاوەن یاریگە خۆی لە گۆڵی میوانەکەی نزیککردەوە و جولیان ئەلڤارێز تۆپێکی لە ستووندا.
 
نیوەی یەکەمی یارییەکە بەیەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات و هەردوولا بەبێ ئەنجام گەڕانەوە ژووری جلگۆڕین.
 
10 خولەک دوای دەستپێکردنی نیوەی دووەمی یارییەکە، مێسی تۆپێکی بەرزکردەوە و لاوتارۆ مارتینێز بەجوانترین شێوە گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین تۆمارکرد، ئەمە سێیەم گۆڵی لاوتارۆیە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا و سێیەم ئاسیستی مێسییە لە رکابەرییەکەدا.
 
دوای ئەم گۆڵە هەردوو هەڵبژاردە هەوڵیاندەدا گۆڵی زیاتر لە یارییەکەدا بکرێن، بەڵام هیچ سوودێکی نەبوو، ئەرجەنتین یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و سێ خاڵی دیکەی لە پاڵاوتنەکاندا بەدەستهێنا.
 
دوای بردنەوەی ئەم یارییە، تانگۆ لە پێشەنگی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوور بووە خاوەنی 25 خاڵ و ئەمە هەشتەم بردنەوەی هەڵبژاردەکەیە لە رکابەرییەکەدا.
 
ئەمە دوایین یاریی هەڵبژاردەکان بوو لەمساڵدا و تاوەکو ئاداری ساڵی 2025 یاریی ناکەنەوە، رۆژی 20-3-2025 ئەرجەنتین لە یاریی لووتکەی پاڵاوتنەکاندا بەرامبەر ئۆرۆگوای یاری دەکات.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە