سعودییەکان دەیانەوێ رێگە لە چوونی مۆرینیۆ بۆ خولی رۆشن بگرن

رووداو دیجیتاڵ

سعودییەکان دەیانەوێت جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالیی یانەی رۆمای ئیتاڵی، بگەڕێننەوە پرێمەرلیگ لە رێگەی یانەی نیوکاسڵ یونایتدەوە. لە کاتێکدا گەورە یانەکانی خولی رۆشنی سعودی خوازیارن مۆرینیۆ ببەنە خولەکەیان.
 
جۆزێ مۆرینیۆ پێشتر لە پرێمەرلیگدا راهێنەرایەتی هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و چێڵسی کردووە و لەگەڵیاندا چەندین دەستکەوتی بردووەتەوە، کە لەگەڵ یانەی چێڵسی،  سێ جار نازناوی خولی نایابی ئینگلیزی و جارێک جامی یەکێتیی ئینگلتەرا و جارێک قەڵخانی خێرخوازی و سێجار جامی خولی ئینگلیزی بەدەستهێناوە.
 
ئەو راهێنەرە سێ نازناوی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بەدەستهێناوە، کە بریتین لە جامی یەکێتیی ئینگلتەرا، قەڵخانی خێرخوازی و یۆرۆپالیگ لە وەرزی 2016-2017.
 
بەپێی میدیاکانی ئیتاڵیا، جۆزێ مۆرینیۆ لەلایەن بەرپرسە سعودییەکانی یانەی نیوکاسڵ یونایتدەوە کراوەتە ئامانج.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن "جۆزێ مۆرینیۆ لە ئەگەری رۆیشتنی ئیدی هاودا بووەتە بژاردەیەکی بەهێز بۆ خاوەنانی نیوکاسڵ، چونکە هاو هێشتا بەربژێرێکی بەهێزە بۆ جێگرتنەوەی گاریس ساوسگەیت وەک راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا".
 
نیوکاسڵ یونایتد، کە ئەم وەرزە لە چامپیۆنزلیگ یاری دەکات و لە پرێمەرلیگیشدا ئاستێکی باش پێشکێش دەکات، وەک پلان بی سەیری مۆرینیۆ دەکات، بۆ ئەوەی هەر کاتێک هاو بڕوات مۆرینیۆ شوێنی بگرێتەوە.
 
کۆتاییهاتنی ماوەی جۆزێ مۆرینیۆ لەگەڵ مانچێستەر یونایتد چەندین قەیرانی بەخۆیەوە بینی کە بە دوورخستنەوەی و گرێبەستکردن لەگەڵ ئۆلی گونار سۆلشایەری راهێنەری نەرویجی کۆتاییهات، کە دواتر ئەویش رۆیشت و رالف رانگنیک هاتە شوێنی، پێش ئەوەی ئێریک تێن هاگ شوێنی بگرێتەوە.