ڤیدیۆ؛ لێدوانی راهێنەران.. رێبرۆڤ و سپالێتی گەشبینن

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی هەرە گرنگی پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 لە نێوان ئۆکراینا و ئیتاڵیا دەبێت، کە لە ئەڵمانیا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و براوەی یارییەکە راستەوخۆ دەگاتە یۆرۆ لە ئەڵمانیا.
 
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییە گرنگەکەدا، راهێنەری هەردوو هەڵبژاردە قسەیان بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە ئەمە پوختەی قسەکانیانە:
 
سێرهی رێبرۆڤ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئۆکراینا:
 
پێموایە چانسێکمان هەیە، چانسێکی باش بۆ ئەوەی لە ئیتاڵیا ببەینەوە و سەرکەوین بۆ یۆرۆی 2024، بەتایبەتی کە ئەم یارییە جیاوازە لەو یارییەی لە سان سیرۆ بەڕێوەچوو،  چونکە هاندەرانمان لە یارییەکەی ئەمجارەدا پشتگیریمان دەکەن. یاریگاکە پڕ دەبێت لە هاندەرانمان. یارییە دۆستانەکەمان لێرە لە ئەڵمانیا لەبیرە، کاتێک لە برێمەن بەرامبەر ئەڵمانیا یاریمان کرد. لەو یارییەدا پشتگیرییەکی زۆرمان لێکرا لەلایەن هاندەرانی ئۆکرایناوە، دڵنیام لەم یارییەشدا دۆخەکە هاوشێوە دەبێت، و بێگومان ئەمە عەقڵیەتی یاریزانەکان دەگۆڕێت، چونکە کاتێک دەچیتە یاریگایەکی پڕ لە هاندەرانی ئیتاڵی لە سان سیرۆ بە بەراورد بە یاریگایەکی پڕ لە هاندەرانی ئۆکراینی لە بای ئارێنا، دۆخەکە جیاواز دەبێت و ئەمەش پاڵنەرێکی زیاتر بە یاریزانەکان دەدات. من باوەڕم وایە کە چانسێکی باشمان هەیە بۆ گەیشتن بە یۆرۆی 2024 و چەندجارێک ئەمەم بە یاریزانەکانم گوتووە. پێمگوتن لە دۆڕاندنی یارییەکە نەترسن، بەڵکو بترسن لەوەی هەوڵی پێویست نەدەن بۆ بردنەوەی یارییەکە. ئێمە هێزی خۆمان دەسەلمێنین و ئەوپەڕی وزەمان دەخەینەگەڕ.
 
لوچیانۆ سپالێتی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
 
ئەم یارییە یەکێکە لەو یارییانەی کە هەندێک گوشارت لەسەر دروست دەکات. کاتێک دەچیتە ناو یاریگا دەبینیت کێ لایەنی بەهێزترە و کێ کوالیتی بەرزترە، گوێم لە هەندێک کەس بوو ئەم بەیانییە دەیانگوت دەبێت ببەینەوە، بەدەستهێنانی سەرکەوتن ناچارییە بۆ ئێمە، و دەبێت بە سەرکەوتنەوە بگەڕێینەوە، ئەمە روونە، بەڵام ئایا پرسیارە دروستەکە ئەوە نییە کە ئایا دەتوانین ئەوە بکەین یان نا؟ وەڵامەکەی بەڵێیە، ئەوە یارییەکە کە دەتوانین بیبەینەوە و سەرکەوتن بەدەستبهێنین، ئێمە یارییەکە دەکەین و دەزانین کە ئاستی یاریکردنمان چەندە.