ژیان لەگەڵ پیکێ، شاکیرا دەباتە زیندان

رووداو دیجیتاڵ
 
گۆرانیبێژی بەنێوبانگ شاکیرا، بە تۆمەتی خۆدزینەوە لە باج ئەمڕۆ دادگایی دەکرێت. 
 
شاکیرای هاوسەری پێشووی جێرارد پیکێی یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا، بە تاوانی خۆدزینەوە لە باج تۆمەتبارکراوە و بەپێی هەواڵەکان، گۆرانیبێژە کۆڵۆمبییەکە خۆی لە پێدانی 14.5 ملیۆن یۆرۆ دزیوەتەوە.
 
شاکیرا تۆمەتبارکراوە بەوەی لە ساڵانی 2012 بۆ 2014 ماوەی زیاتر لە شەش مانگ لە ئیسپانیا ماوەتەوە و بەمەش دەبێت وەك هەر هاوڵاتییەکی وڵاتەکە باج بە حکومەت بدات. بەپێی پێشبنییەکان لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکە، هەشت ساڵ زیندانی بەسەر گۆرانیبێژەکە دەسەپێنرێت و بە بڕی 24 ملیۆن یۆرۆ سزا دەدرێت. 
 
شاکیرا بە تووندی ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و رایگەیاند کە ئەو لەو دوو ساڵەدا زۆربەی کاتەکانی لە وڵاتی بەهاماس بەسەربردووە و باجەکانی لەو وڵاتە داوە. گۆرانیبێژە کۆڵۆمبییەکە راشیگەیاند کە ئەو ماوەیەی لە ئیسپانیا بووە، ئەو بڕە پارەیەی داوە کە حکومەتی وڵاتەکە داوای لێکردووە و بەهیچ شێوەیەك خۆی لە باجدان نەدزیوەتەوە. 
 
لە رابردوودا لە وڵاتی ئیسپانیا چەندین یاریزانی بەنێوبانگی وەك لیۆنێڵ مێسی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ و دیێگۆ کۆستا بە تاوانی خۆدزینەوە لە باج تۆمەتبارکرابوون و هەرسێ یاریزانەکە بە پێدانی ملیۆنان یۆرۆ کەیسەکەیان داخست، بەڵام شاکیرا رەتی کردووەتەوە هیچ بڕە پارەیەك بدات و دەیەوێت لە دادگا کەیسەکە یەکلایی بکاتەوە. 
 
ساڵی 2011 دوای ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ جێرارد پیکێی یاریزانی پێشووی بارسا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا درووستکرد، شاکیرا دەچێتە ئیسپانیا و ماوەی 11 ساڵ لەو وڵاتەدا دەمێنێتەوە. بەڵام ساڵی رابردوو لەیەکدی جیابوونەوە و شاکیرا هەر دوو منداڵەکەی دەبات و بۆ شاری مەیامی ئەمریکا دەڕوات و لەو کاتەوە لەو شارە دەمێنێتەوە.