ڤیدیۆ؛ هەفتەی فیفا ریال مەدریدی وێران کرد

رووداو دیجیتاڵ 

 

راهێنەرانی یانەکان ناحەقیان نییە کە رقیان لە هەفتەکانی فیفایە، چونکە زۆرجار یاریزانەکانیان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکانیان تووشی پێکان دەبن، بەتایبەتی راهێنەرانی یانە گەورەکان، کە لە هەر هەفتەیەکی فیفادا تاوەکو تەواوبوونی یارییە نێودەوڵەتییەکان دەستیان لەسەر دڵیانە لە ترسی لەدەستدانی یاریزانێکی گرنگییان.
 
ئەم هەفتەی فیفایە کارەساتئامێز بوو بۆ راهێنەران و یانە گەورەکان، کە لەوانەیە ماوەیەکی زۆر بێت هێندەی ئەمجارە یاریزانە گەورە و ئەستێرەکان تێیدا تووشی پێکان نەبووبن. ئەوەی زۆریش جێگەی نیگەرانییە ئەوەیە کە زۆر لە پێککراوەکان ئەستێرەی هەرە کاریگەری یانەکانیانن، لەوەش خراپتر لە کاتێکی هەستیاری وەرزەکەدا تووشی پێکان بوونە.
 
ریال مەدرید لەوانەیە زەرەرمەندترین یانەی ئەوروپا بێت لەم هەفتەیەی فیفادا، کە جگە لەوەی زۆرترین یاریزانی لەدەستداوە، پێککراوەکانیشی گرنگترین یاریزانی پێکهاتەی کارلۆ ئەنچێلۆتین.
 
بێلینگهام کە باشترین یاریزانی ئەمساڵی ریال مەدریدە دوای چاکبوونەوە لە پێکانەکەی، لە مەشقەکانی هەڵبژاردەی ئینگلتەرادا تووشی پێکان بووەوە و ماوەیەکی دیکە ریال بەدەست نەبوونیی ئەستێرەی یەکەمییەوە دەناڵێتنێت.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر، لە کاتێکدا کە خەریک بوو بگەڕێتەوە سەر ئاستی راستەقینەی، لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیلدا لە بەرامبەر کۆلۆمبیا تووشی پێکانێکی قورس بوو، کە لانیکەم دوو مانگ و نیو دووردەکەوێتەوە.
 
ڤالڤێردی لەگەڵ ئۆرۆگوای و کاماڤینگا لەگەڵ فەرەنساش پێکران و هێندەی دیکە ئەرکی ئەنچێلۆتیینا قورستر کردووە.
 
بارسێلۆنا لە کاتێکدا کە بەدەست چەندین پێکانەوە دەیناڵاند، هەفتەی فیفا ئەوەندەی دیکە خەمەکانی چاڤییان زیاتر کرد، دوای ئەوەی دوو لە گرنگترین یاریزانەکانی تووشی پێکان بوون. تیرشتیگنی گۆڵپارێز کە لە زۆر یارییدا رزگارکەری بارسا بووە لە شکست. ئینجا گاڤی کە کوڕە بەنازەکەی چاڤییە و تووشی پێکانێکی زۆر قورس بوو، کە نەک هەر لەم وەرزەدا، لەوانەیە بۆ بەشێک لە وەرزی داهاتووش لە ماڵەوە سەیری یاریی هاوڕێکانی بکات.
 
پێپ گواردیۆلاش بەشی خۆی خەم و نیگەرانی لەم هەفتەی فیفاوە دەستکەوت و ئێرلینگ هالاندی لەدەستدا، کە لەگەڵ هەڵبژاردەی نەرویج تووشی پێکان بوو.
 
هالاند ئەگەر ماوەیەکی زۆر دووربکەوێتەوە، بەدڵنیاییەوە درزێکی گەورە لە جەستەی تیپەکەی پێپ دروست دەکات، بەڵام لە خۆشبەختی گوردیۆلا، پزیشکان دەڵێن پێکانەکەی ئێرلینگ مەترسیدار نییە.
 
مانچێستەر یونایتد کە لە دۆخێکی زۆر خراپدایە. بە لەدەستدانی ئاندرێ ئۆنانای گۆڵپارێزی دەکەوێتە دۆخێکی شڵۆقتر، کە بەدڵنییاییەوە دوورکەوتنەوەی ئۆنانا دۆخی خراپی شەیتانەکان خراپتر دەکات.
 
پاریس سانجێرمانیش بەشێک لە بەدبەختییەکانی ئەم هەفتەی فیفای بەرکەوت، کاتێک یاریزانە گەنجەکەی، زایر ئێمری لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا تووشی پێکان بوو. کە ئێستا یەکێکە لە سەرنجڕاکێسترین یاریزانانی لویس ئێنریکی.