یەکێك لە خراپترین هەڵبژاردەکانی ئەوروپا دەیەوێت مێژوو بنووسێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمشەو ئەگەری هەیە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024 رووداوێکی سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە ببینێت و یەکێک لە خراپترین هەڵبژاردەکانی ئەوروپا بگاتە پاڵەوانێتییەکە.
 
هەڵبژاردەی مۆڵدۆڤا، یەکێکە لە خراپترین هەڵبژاردەکانی کیشوەری ئەوروپا، ئەمشەو لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆ یاری هەیە و لەبەردەم تۆمارکردنی مێژووە.
 
لە درێژەی یارییەکانی پاڵاوتنی یۆرۆی 2024، ئەمشەو کاژێر 22:45 هەڵبژاردەی مۆڵدۆڤا دەبێتە میوانی کۆماری چیك. 
 
دەکرێت ئەمشەو لە لاپەڕەکانی مێژووی تۆپی پێی مۆڵدۆڤا بنووسرێتەوە، هەڵبژاردەکە لە ئەگەری بردنەوەی یارییەکەی بەرامبەر چیك، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بۆ پاڵەوانێتی یۆرۆ سەردەکەوێت. 
 
ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە بەپێی ریزبەندی فیفا، مۆڵدۆڤا لە پلەی 157ـەمین دێت و بە شەشەم خراپترین هەڵبژاردەی کیشوەری ئەوروپا دادەنرێت و ئێستا دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساوە بۆ گەورەترین پاڵەوانێتی کیشوەرەکە سەربکەوێت.
 
خاڵی وەچەرخان بۆ هەڵبژاردەکە دەگەڕێتەوە بۆ گەڕی چوارەمی پاڵاوتنەکان، کاتێك رووبەڕووی هەڵبژاردەی پۆڵەندا بووەوە، لە سەرەتای یارییەکەدا پۆڵەندا دوو گۆڵی تۆمارکرد و پێدەچوو مۆڵدۆڤا هەمان چارەنووسی یارییەکانی پێشووی هەبێت و یارییەکە بدۆڕێنێت، بەڵام دواتر لە گێمی دووەمدا، مۆڵدۆڤا بە ئاستێکی ناوازەوە دەرکەوت و توانی سێ گۆڵ تۆمار بکات و سێ خاڵی یارییەکە بەدەستبهێنێت.
 
دوای ریمۆنتاداکەی دژی پۆڵەندا، هەڵبژاردەی مۆڵدۆڤا 9 یاری ئەنجامداوە و هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، هەڵبژاردەکە لە پلەی چوارەمی کۆمەڵەکەی دێت و خاوەنی 10 خاڵە و بە بردنەوەی ئەم یارییە بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی سەردەکەوێت. 
 
ئەوەی بابەتەکەی سەرنجراکێشتر کردووە ئەوەیە سێرگی کلێشێنکۆی راهێنەری مۆڵدۆڤا، لە رابردوودا وەك یاریزان یاری بۆ هەڵبژاردەکە کردووە و بە تۆمارکردنی 11 گۆڵ، لە پلەی دووەمی ریزبەندی گۆڵکارانی مێژووی مۆڵدۆڤا دێت و بە یەکێك لە ئەفسانەکانی مێژووی هەڵبژاردەکە دادەنرێت، کلێشێنکۆ ئەمشەو هەلی ئەوەی بۆ دەرەخسێت زیاتر شوێنی خۆی لە دڵی هاندەرانی مۆڵدۆڤا بکاتەوە و یەکێك لە خراپترین و هەژارترین وڵاتەکانی ئەوروپا بۆ پاڵەوانێتی یۆرۆ سەربخات.