گاڤی گورزێک لە چاڤی دەدات

رووداو دیجیتاڵ

 

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا گورزێکی کوشندەی بەرکەوت، دوای ئەوەی یاریزانەکەی، گاڤی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا تووشی پێکان بوو، لە یارییەکەی بەرامبەر جۆرجیا، لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2024ـی ئەڵمانیا.
 
گاڤی ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا لە یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەرامبەر جۆرجیا، لە گەڕی دەیەمی پاڵاوتن بۆ یۆرۆی 2024 لە خولەکی 24 لە ئەژنۆیدا تووشی پێکانێکی قورس بوو، و نەیتوانی یارییەکه تەواو بکات، و لویس دی لا فوێنتێی راهێنەر لەجیاتی ئەو سانسێتی ناردە نێو یاریگە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەکانی ئیسپانیا، پشکنینە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گاڤی تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بووە.
 
بڕیارە ئەمڕۆ پشکنینی پزیشکی بۆ ئەو یاریزانە بکرێت بۆ ئەوەی بە وردی سروشتی پێکانەکەی دیاری بکرێت.
 
ئەگەر پشکنینەکان پشتڕاستیان کردەوە کە یاریزانە تەمەن 19 ساڵەکە تووشی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بووە، ئەوا بۆ ماوەی شەش تاوەکو هەشت مانگ لە یاریگەکان دوور دەکەوێتەوە.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە جۆرجیای بردەوە و بە کۆکردنەوەی 21 خاڵ پێشەنگی کۆمەڵەکەی گرتووە و لەگەڵ سکۆتلەندا سەرکەوتن بۆ یۆرۆی 2024.