ئەمڕۆ مۆندیالە.. وردەکاریی ئاهەنگی کردنەوە جامی جیهان

20-11-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیال
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، وردەکارییەکانی رێوڕەسمی کردنەوەی مۆندیالی 2022ـی قەتەری راگەیاند، کە بڕیارە ئەمڕۆ مۆندیال دەستپێبکات.
 
ئاهەنگەکە کاژێر 17:30 لەسەر یاریگای ئەلبەیت دەستپێدەکات و 30 خولەک بەردەوام دەبێت، دواتر یاریی کردنەوە کاژێر 19:00 لە نێوان قەتەر و ئیکوادۆر ئەنجام دەدرێت.
 
فیفا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا پشتڕاستیکردەوە کە گۆرانیبێژی قەتەری، فەهد ئەلکوبەیسی و گۆرانیبێژی کۆریای باشوور یۆنگکوک گۆرانی خەونبینان دەڵێنەوە.
 
فیفا ئاماژەی بەوەشکردووە، پەیامی رێوڕەسمەکە بانگهێشتکردنی هەموو لایەکە بۆ هاتن بۆ قەتەر و کۆکردنەوەی هەموو گەلانی جیهان و زاڵبوون بەسەر جیاوازییەکاندا لە روانگەی مرۆڤایەتییەوە.
 
ئاهەنگی کردنەوەی مۆندیال لە 7 بڕگە پێکدێت، کە لەلایەن هونەرمەندانی جیهانییەوە زیندوو دەکرێتەوە، کە تێکەڵەیەکە لەنێوان نەریتی قەتەری و کلتووری جیهانی، هاوکات لە ئاهەنگەکەدا باس و وەسفی تیپە بەشداربووەکان و وڵاتانی پێشووی میوانداری مۆندیال و خۆبەخشانی پاڵەوانێتییەکە دەکرێت.
 
لە ئاهەنگەکەدا، غانم ئەلموفتاح باڵیۆزی مۆندیال و دانای خانمە هونەرمەندی قەتەریش ئامادە دەبن.
 
هەڵبژاردەی قەتەر
 
لەنێو کەش و هەوایەکی ئەرێنی و خەونی گەورەدا، هەڵبژاردەی قەتەر دوایین مەشقەکانی بۆ یاریی یەکەمی مۆندیال ئەنجامدا.
 
ئەمڕۆ ئێوارە لە دەستپێکی یارییەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەردا، هەڵبژاردەی قەتەر دەبێتە یەکەم هەڵبژاردەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی و شریتی یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بە رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی ئیکوادۆری نوێنەری ئەمریکای لاتین دەبڕێت.
 
قەتەرییەکانی چەندین ساڵی دوور و درێژە چاوەڕێی ئەم رۆژەن، بۆ ئەوەی خەونی ئەوان بۆ یارییکردن لە مۆندیالدا ببێتە راستی، ئەمە یەکەم بەشداریی قەتەرە لە پاڵەوانێتییە گەورەکەی جیهاندا.
 
سەرجەم یاریزانەکانی قەتەر بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەن، لە پێش هەمووانە حەسەن ئەلهەیدوس، کاپتنی هەڵبژاردەکە، ئەکرەم عەفیف ئەستێرە و ناوەڕاستکاری عەنابییەکان و موعیز عەلی گۆڵکاری.
 
فیلیکس سانچێز، راهێنەری ئیسپانی، ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ هەڵبژاردەکەیە و ئامانجی یەکەمی ئەو و قەتەرییەکان پێشاندانی ئاستێکی بەرز و گەیشتنە بە قۆناخی داهاتووی مۆندیال.
 
هەڵبژاردەی ئیکوادۆر
 
چاوەڕێکردن کۆتاییهات، ئیکوادۆرییەکان دەگەنە خەونی یارییکردن لە مۆندیالدا و لە یەکەم یارییاندا لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا بەرامبەر قەتەری میواندار یارییدەکەن.
 
هەڵبژاردەی ئیکوادۆر دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، ئەوان بەتەواوی بۆ یارییەکە ئامادەن، ئێستا لە باشترین دۆخدا دەیانەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باشبکەن، بەتایبەت دوای ئەوەی هەڵبژاردەکە لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا باشترین ئاستیان پێشکێشکرد و هەڵبژاردە بەهێزەکانی جیهانی تووشی سەر ئێشەیەکی گەورە کرد.
 
ئیکوادۆر لە ریزبەندی هەڵبژاردەکانی جیهاندا لە پلەی 44ـە و جیاوازییەکەی لەگەڵ قەتەر تەنیا 5 پلەیە، یاریی یەکەم هەمیشە بۆ هەڵبژاردەکان لە مۆندیالدا قورسە، راهێنەری هەڵبژاردەکەش یاریزانەکانی لە ئاستبەرزیی قەتەر ئاگادارکردووەتەوە و وەک پاڵەوانی ئاسیا و میوانداری پاڵەوانێتییەکە رێزیکی گەورە لە هەڵبژاردەکە دەنێن.
 
ئیکوادۆر لەنێو کێشەی زۆردا هاتە نێو رکابەرییەکانی مۆندیال، بەتایبەت دوای ئەوەی یاریی بە بایرۆن کاستیۆ کرد، کە بە رەچەڵەک کۆلمبییە، بەڵام یاریزانەکە دوورخرایەوە و ئێستا ئیکوادۆر دەیەوێت پشت بکاتە هەموو ئەو کێشانە و رکابەری لەسەر بردنەوەی ئەنجامە باشەکان بکات.
 
ئەمە چوارەم بەشداریی ئیکوادۆرە لە مۆندیالدا، باشترین ئەنجامی لە مۆندیالی 2006 بوو کە گەیشتە قۆناخی 16.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە