چەند پەیامێک لە پێرێزەوە لەبارەی سوپەرلیگ و زیدانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید داهاتی یانەکەی ئاشکراکرد و سوپاسی سێ کەسایەتی کاریگەری یانەکەشی دەکات.
 
پێرێز لە کۆنگرەی ساڵانەی یانەکەیدا قسەیکرد گوتی " وەرزی 2019-2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا ماوەی 4 مانگ کەوتینە بارودۆخێکی خراپەوە، پێشبینیمان دەکرد داهاتەکەمان بگاتە 822 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتینە 715 ملیۆن یۆرۆ، لە وەرزی 2020-2021 رووبەڕووی زەحمەتی زیاتر بووینەوە، کۆی گشتی بودجەی یانەکە گەیشتە 617 ملیۆن یۆرۆ، کە ئەگەر کۆرۆنا نەبووایە بوجەی یانەکە دەگەیشتە 910 ملیۆن یۆرۆ."
 
سەرۆکی ریال مەدرید پەیامێکی بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا نارد و گوتی " بەهۆی هەڕەشە نایاساییەکانەوە ئێمە ناکشێینەوە، ئەو هەڕەشانەی لە ماوەی رابردوودا بەهۆی سوپەرلیگەوە لێمانکراون هەموویان نا یاسایین و هیچ کەسێک لە یاسا گەورەتر نییە، ئێمە متمانەمان بە دادگا هەیە کە بڕیاری دروستبدەن لەبارەی سوپەرلیگەوە."
 
فلۆرێنتینۆ زیاتر گوتی " فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا، هەموو گفتوگۆیەکی لەبارەی سوپەرلیگەوە رەتکردەوە، چۆن دەکرێت سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا سوکایەتی بە سەرۆکی یەکێک لە گەورەترین یانەکان بکات؟" کە پێرێز لەو قسانەیدا مەبەستی خۆی بوو.
 
سەرۆکی یانە ئیسپانییەکە دەڵێت " دەمەوێت بەبیر فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا بهێنمەوە، کە ریال مەدرید سەرکەوتووترین یانەیە لە مێژووی تۆپی پێدا، کە لە 1902ـەوە بەشداری لە بەرەوپێشبردنی تۆپی پێدا دەکات."
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز لەبارەی تیپەکەیەوە گوتی " زۆر بەپەرۆشین بۆ تیپەکەمان، ئێمە باشترین یاریزانەکانمان هەیە لە هەموو هێڵێکی یاریگەدا، دوو یاریزانی ئێمە بەربژێرن بۆ بردنەوەی باڵۆن دۆر، کە بنزیما و مۆدریچن، هەروەها کۆرتوا بەربژێرە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی ساڵی 2021، پڕۆژەکەمان لەلایەن یەکێک لە باشترین راهێنەرەکانی جیهانەوە سەرپەرشتی دەکرێت کە کارلۆ ئەنچێلۆتییە."
 
پێرێز باسی لە هەریەکە لە سێرخیۆ رامۆس، زینەدین زیدان و رافایێل ڤاران کرد و گوتی " دەمەوێت رێز لە سێرخیۆ رامۆس بگرین وەک سەرکردەیەکی هەمیشەییمان، ئەو باشترین بەرگریکارە، لە ماوەی 16 ساڵی یارییکردنی لەگەڵ ریال مەدرید، ئەو پیاوی بردنەوەی چامیپۆنزلیگی دەیەمە، یەکێک لە سیمبۆلە گەورەکانە و ئەفسانەیەکی ریال مەدریدە."
 
لەبارەی زیدانەوە سەرۆکی ریال مەدرید بە ئامادەبووانی گوت "  کاروانی زیدان وەک یاریزان و راهێنەر لە ریال مەدرید زۆر بێ وێنەبوو، ئەو ئەفسانەیەکی تۆپی پێیە، ئەو دەستکەوتانەی یانەکە بەدەستیهێناون بەهۆی سێ ئەفسانەی گەورەوە بووە، کە زیدان، رامۆس و ڤارانن و ئەوان مێژوویان لێرە تۆمارکردووە، ڤارانیش کاتێک هاتە ریال مەدرید منداڵبوو، لەگەڵ یانەکە 18 نازناوی بردەوە، هەمووانی سەرسامکرد و بووە بەشێک لە مێژووی یانەکە."