لیڤەرپوول خەریکە محەممەد سەڵاح لەدەستدەدات

20-11-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆرگن کڵۆپ محەممەد سەڵاح لیڤەرپوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری یانەی لیڤەرپووڵی ئینگلیزی بڕیاریداوە بە هیچ شێوەیەک دەست نەخاتە نێو دانوستاندنەکانی رێدز بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی محەممەد سەڵاحی ئەستێرەی میسریی یانەکە، کە تا دێت یاریزانەکە و یانەکە لێک دووردەکەونەوە.
 
خاوەنانی لیڤەرپوول ئاشکرایانکردووە کە یۆرگن کڵۆپ پێیانی راگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە دانوستاندنەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی سەڵاحدا ناکات و هیچ یارمەتییەکی هەردوو لایەنەکە نادات بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن.
 
محەممەد سەڵاح، ئەم وەرزە بە ئاستێکی زۆر بەرز دەرکەوتووە و تاوەکو ئێستا لە 15 یارییدا 15 گۆڵی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا بۆ لیڤەرپوول تۆمارکردووە و رۆڵی سەرەکی هەبووە لەوەی کە رێدز ئەم وەرزە رکابەری لەسەر پێشەنگی پرێمەرلیگ دەکات، کە 4 خاڵ لەدواوەی چێڵسیی پێشەنگە.
 
لەدەستدانی محەممەد سەڵاح زیانێکی گەورە دەبێت بۆ لیڤەرپوول، تەنانەت بۆ شوێنپێڕکردنەوەیشی پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە، بەڵام تا دێت ئەو ئەگەرە زیاتر نزیکدەبێتەوە لە روودان.
 
ماوەی گرێبەستی سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول لە هاوینی 2023 کۆتاییدێت، بۆیە بەرپرسانی رێدز پەلە دەکەن لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، بەڵام تاوەکو ئێستا یاریزانەکە لەسەر دەستەوارەکانی یانەکە رازی نەبووە، ئیدی بە بەشدارینەکردنی کڵۆپ لە دانوستاندنەکاندا ئەگەری دوورکەوتنەوەی سەڵاح لە لیڤەرپوول زیاتر دەبێت.
 
هەندێک لە سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی لیڤەرپوول باس لەوە دەکەن کە یۆرگن کڵۆپ بێزاربووە لەو هەموو شکستەی کارگێڕیی یانەکە لە هەوڵەکانیاندا بۆ رازیکردنی سەڵاح تووشی دەبێت، هەر خۆیشی گوتی "قسەکردن و کارکردن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانەکان کاری من نییە، یاریزانەکە بەڕێوەبەری کارەکانی خۆی هەیە و یانەکەش بەڕێوەبەری وەرزشیی هەیە، دەبێت ئەوان بایەخ بەم بابەتانە بدەن، نەک راهێنەر".
 
یۆرگن کڵۆپ بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بێزاربوون و بێئومێدیی خۆی نیشاندا و گوتی "کاتێک یاریزانەکە بۆ تۆ زۆر گرنگ بیت و پێیبڵێی ئەوە و ئەوەت بۆ دەکەم، ئەویش پێتبڵێت من شایەنی زیاتر لەوەم، واتا دانوستاندنەکان زەحمەت کەوتوون".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە